وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەدواین کۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا وەزارەتی تەندروستی رێنمایی پێداون کە دەتوانرێت پرۆسەی خوێندنی ناوپۆل بەردەوامی هەبێت، چونکە لەم کاتەدا ئامارەکانی تایبەت بە شەپۆلی کۆرۆنا و جۆرە گۆڕاوەکانی بەنزمی ماونەتەوە، بۆیە هیچ بەرنامەیەکیان نیە بۆ راگرتنی پرۆسەی خوێندن.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و وەزارەتی تەندروستی کوردستان لەدواین کۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، رێنماییان پێداون کە بەهۆی کەمبونەوەی ئامارەکانی توشبون بەکۆرۆنا، لەم کاتەدا راگرتنی پرۆسەی خوێندنی ناوپۆل پێویست ناکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی پەروەردە وەرزی یەکەمی خوێندنی بەسەرکەوتویی تەواوکرد و لەئێستاشدا ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرزی دوەمی خوێندن، بۆیە سیاسەتی وەزارەتی پەروەردە لەم کاتەدا بەردەوامیدانە بە خوێندنی ناوپۆل.
وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕو، لەئێستادا وەزارەتەکەیان کاردەکات بۆ نەهێشتنی قوتابخانەی ناو کابینە، دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و زیادکردنی پۆلەکانی خوێندن لەو قوتابخانانەی بەهۆی بونی ژمارەیەک زۆری قوتابی، فشاریان لەسەرە.