بارینی بەفر و سپیبونی شەقام و شاخ و باخەکان ڕەنگە دیمەنێکی چێژ بەخش بێت و هەموان حەز بە بینینی ئەو دیمەنانە بکەن، بەڵام بۆ شۆفێران ئەرکەکەیان دەبێتە دو هێندەو بگرە زیاتریش لەکاتی شۆفێریکردن لە کەش و هەوای لەم جۆرەدا، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرپرسیاریەتییەکان و مانۆڕی شۆفێریکردن سەختتر دەبێت و ڕەنگە لە هەندێک بارودۆخدا مەترسیدار بێت.
هێمن سالار، ڕێپێدراوی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی چەند ڕێنماییەک لهبارهی ئامادهكاری ئۆتۆمبێل بۆ بهفربارین دهخاتهڕو
یهكهم: ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلەکەت بە دڵنیاکردنەوە لە چەند خاڵێکی گرنگ:
پێویستە ئەنتی فرییز (شلەی دژە بەستن) بکەیتە ناو دەبەی ڕادێتەری ئۆتۆمبێلەکەت.
دڵنیاکردنەوە لە سیستەمی برێک لە ئۆتۆمبێلەکەتدا (سیستەمی ABS بەباشی کار بکات، نەبونی لیک و لێچون لە سیستەمی برێکدا).
تایەی ئۆتۆمبێلەکەت پێویستە چاڵ و خەتەکانی لە ڕێژەی دیاریکراوی یاسایی کەمتر نەبێت و بڕی دروست هەوایان تیادا بێت و نابێت هەوای کەم بێت.
فلچەی جامەکان بە باشی کاربکات.
سیستەمی گەرمی ئۆتۆمبێلەکە و هیتەری نەهێشتنی تەم بە باشی کار بکەن.
پێویستە پاتری ئۆتۆمبێلەکەت نوێ بێت و هیچ کێشەی نەبێت.
دووهم: کەمکردنەوەی خێرایی بۆ ڕادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەت هەبێت واتا لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کلم/ کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کلم یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.
سێیهم: پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکەی خۆت و ئۆتۆمبێلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیل.
چوارهم: ئیشکردنی ڕوناککەرەوە (گڵۆپ)ی نزم و ڕوناککەرەوەی تەم گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە بارینی بەفرو بونی تەم ڕێژەی بینین کەم دەکاتەوە.
پێنجهم: پێویستە بهنزینی تەواو لە ئۆتۆمبێلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.
شهشهم: نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت بەڵک و بەنەرمی و لەسەرخۆیی.
حهوتهم: سەرداننەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.
ههشتهم: بونی بەتانییەک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەت ئەگەر ناچاربویت گەشتێک بۆ دەرەوەی شارەکان ئەنجام بدەیت.
نۆیهم: دیاریکردنی خێرایی (تحدید سرعه Cruise control) لەکاتی باران بارین و بەفردا بیکوژێنەرەوە چونکە دیاریکردنی خێرایی لەم کاتانەدا وا دەکات کە کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە تۆ وابیربکەیتەوە کە هاوکاریت دەکات و لەخێراییەکی دیاریکراودا دەتهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەت بخلیسکێت و دیاریکردنی خێراییت کار پێکردبێت لەم کاتەدا ئوتومبیلەکەت خێراتر دەبێت و ڕەنگە زیانەکان زۆر زیاتر بکات.
دهیهم: لەکاتی بونی حاڵەتی نەخوازراو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان.