وەزیری تەندروستی : ملیۆنێك و 170 هەزار هاووڵاتی ڤاكسینیان وەرگرتووە

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم دەڵێت، تاوەكو ئێستا ملیۆنێك و 170 هەزار هاووڵاتی ڤاكسینیان وەرگرتووە و پرۆسەكەش بەردەوامە، 8 هەزار و 776 توشبووی كۆرۆناش لە نەخۆشخانەكان ماون.
سامان بەرزنجی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تاوەكو ئێستا، 3 ملیۆن و 743 هەزار و 772 پشكنین كراوە، لەو ژمارەیە دەركەوتووە 389 هەزار هاوڵاتی توشبوون و 373 هەزار هاوڵاتیش چاك بونەتەوە.
رونیشیكردووەتەوە، ئێستا 8 هەزار و 776 توشبوو لە نەخۆشخانەكان ماون، لە كۆی ژمارەی توشبووانیش 46 هەزار و 878 نەخۆش لە نەخۆشخانە بوون، هاوكات 8 هەزار و 166 هاوڵاتی بەو ڤایرۆسە گیانی لە دەست داوە.
وەزیری تەندروستی جەختی لەوەش كردووەتەوە، لە هەرێم 3 ملیۆن و 255 هەزار و 980 هاوڵاتی تەمەنیان لە سەروی 18 ساڵە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، هەروەها 4 ملیۆن و 366 هەزار سەروی 12 ساڵن، تاوەكو ئێستا 2 ملیۆن و 820 هەزار و 509 ژەمە ڤاكسین دابین كراوە، لەو ژمارەیە 2 ملیۆن و 49 هەزار و 565 ژەم بەكار هاتووە و یەك ملیۆن و 170 هەزار هاوڵاتی ژەمی یەكەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئێستاش 770 هەزار و 944 ژەم بەردەستە.

پەیوەندیدار