هەفتەی داهاتوو لەنێو شاری هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەکرێت

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەنێو سەنتەری شاری هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بکرێت و سەرەتاش لە گەڕەکە هەژارنشینەکانەوە دەستپێدەکات .

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بەشێک لە بریکارەکانی خۆراک لە هەولێر ئاگادارکراون ئامادەکاری بکەن و سەرەتای هەفتەی داهاتووش لە نێو سەنتەری شاری هەولێر لە گەڕەکە هەژارنشینەکانەوە دەست بە پرۆسەکە دەکرێت.

ئاری کاکەشین ئاماژەی بەوەش دا، لە نێو سەنتەری هەولێر هەر بەرمیلێک نەوتی سپی بە 90 هەزار دیناری عێراقی دابەشدەکرێت، داواشی لە بریکارەکانی خۆراک کرد، تاوەکو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارنەکرێنەوە، هیچ ئامادەکارییەک نەکەن و بەرمیل کۆنەکەنەوە.

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتیشی، نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر بە 55 هەزار دینار دابەشکراوە و لە قەزای دەشتی هەولێریش بەردەوامە، ئەمڕۆ 19-1-2022 لە قەزای کۆیەش بە نرخی 55 هەزار دینار، دەست بەدابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە گشتی سنووری پارێزگای هەولێر پێویستی بە 93 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، بۆ ئەوەی هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەربگرێت، لەو رێژەیەش سەنتەری هەولێر 45 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە.

پەیوەندیدار