له‌ ساڵی رابردوودا 215 كۆڵبه‌ر كوژراو برینداربوون


ئا : بێستون لەتیف – ئێستانیوز

 لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینی دەیان کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، تورکیا و عێراق کوژراون یان بریندار کراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 2021ی زایینی لانی کەم 215 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە 52 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 163 کەسیان بریندار بوون. ئەم ئامارە بە نیسبەت ساڵی پێشووتر 25 حاڵەت یان 10.5٪ کەمی کردووە.
زۆربەی قوربانییەکان کە 140 حاڵەتە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون یان بریندار کراون. هەروەها 34 حاڵەت بە هۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو؛ بەربوونەوە لە هەڵدێر، خنکان لە ڕووبار، هەورە بروسکە، هەرەسی بەفر و سەرمابردوویی کوژراون یا بریندار بوون.

هۆکاری کوژران یان بریندار بوون:

تەقەی ڕاستەوخۆ: 140 حاڵەت (28 کوژراو و 112 بریندار) کە دەگاتە 65%ی کۆی حاڵەتەکان.

ڕووداوی سروشتی: 34 حاڵەت (17 کوژراو و 17 بریندار) کە دەکاتە 16٪ی کۆی حاڵەتەکان.

تەقینەوەی مین: 3 حاڵەت (3 بریندار) کە دەکاتە 1.3٪ی کۆی حاڵەتەکان.

ڕووداوی هاتووچۆ: 23 حاڵەت (5 کوژراو و 18 بریندار) کە دەکاتە 10.7٪ی کۆی حاڵەتەکان.

لێدان و کوتان: 15 حاڵەت (32کوژراو و 12بریندار) کە دەکاتە 7٪ی کۆی حاڵەتەکان.

جیا کردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای ئورمیە: 50 حاڵەت (24 کوژراو و 26 بریندار).

پارێزگای سنە: 107 حاڵەت (22 کوژراو و85 بریندار).

پارێزگای کرماشان: 58 حاڵەت (6 کوژراو و 52 بریندار).

کوژران و بریندار بوونی 6 مێرمنداڵی کۆڵبەر لە ساڵی 2021 دا
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2021ی زاییندا لانی کەم شەش مێرمنداڵی کۆڵبەر کە تەمەنیان ژێر 18ساڵ بووە بوونەتە قوربانی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە چوار کۆڵبەری مێرمنداڵ گیانیان لە دەست داوە و دووی دیکە بریندار بوون.

سێ کۆڵبەری مێرمنداڵ لەلایەن چەکدارانی تورکیا، 2 کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر و کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی.

کوژران و بریندار بوونی 9 کۆڵبەر بە دەستی هێزەکانی تورکیا و عێراق

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم 9 کۆڵبەر لە سنوورەکانی عێراق و تورکیا بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئەم دوو وڵاتە بوونەتە قوربانی کە 3 کەسیان تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بووە.
لەو ژمارەیە 4 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 2 کەسیان بریندار بوون. کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی عێراق و 8 کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی تورکیا بوونەتە قوربانی.

کوژران و بریندار بوونی 8 کاسبکار لە جادەکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2021 زایینی لانی کەم 8 کاسبکار لە جادەکانی کوردستان و باقی شارەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانی کە 4 کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

ئەم هەشت کەسە سەرجەمیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە جادەکانی بانە، خۆی، داڵاهۆ، سەقز و خوڕەم ئاوا بوونەتە قوربانی.

پەیوەندیدار