ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە سەر ئەو هێرشانەی كە شەوی ڕابردوو كرانە سەر مەخمور شنگال هەڕەشە لە توركیا دەكات.
شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەندین پێگەیان لە سنووری چیای شنگال و كەمپی مەخمور بۆردومان كرد كە پەنابەرانی باكووری كوردستانی تێدا نیشتەجێن.
لەو بارەیەشەوە قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند توركیای داگیركەر لە سایەی بێدەنگی حكومیی و سیاسیی لایەنەكان بەردەوامە لە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق، دوای ئەوەی كە بنكەی سەربازییەكانی لە باكووری عێراق جێگیر كرد، ئێستا بە كۆمەڵێك بیانوو زیاتر پێ ڕادەكێشێ و هاووڵاتییان بۆردومان دەكات.
خەزعەلی وێڕای ئیدانەكردنی پەلامارەكان هەڕەشەی لە توركیا كرد و ڕایگەیاند لەو پێشێلكارییانە بێدەنگ نابن و كاتی گونجاو دێت بۆ ئەوەی وانەیەكی توند بدرێتە توركیای داگیركەر و وەك چۆن ئەمریكای داگیركەر ناچار كرا بكشێتەوە، ئەوانیش ناچار دەكرێن خاكە پاكەكەی عێراق بەجێ بهێڵن.