نزیكەی 700 كۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا لە جەنگەڵەكانن

سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، بەپێی دوایین ئامار، نزیكەی 700 كۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا لە جەنگەڵەكانن و نزیكەی 250 كۆچبەریش لە پایتەختی بێلاڕووس لە هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبووندان.

ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، لە ئێستادا ڕێژەیەكی بەرچاو كۆچبەر لە سنووری بێلاڕووس گیریان خواردووە و بەپێی دواین ئامار نزیكەی 700 كەسمان هەیە كە لەو جەنگەڵانە و سنورەكان گیرییان خواردووە، ئامانجی ئەوانەی ماونەتەوە ئەوەیە هەرچۆنێك بێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا كە ئەمە زۆر زەحمەتە، هەرچۆنێك بێت لە لایەن پۆڵەندا و لیتوانیا و ئەو وڵاتانەی هاوسنوورن لەگەڵ بێلاڕووس ڕێگەیان پێنادرێت سنوور ببەزێنن بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

وتیشی”لە ماوەی 8 مانگی ڕابردوو نزیكەی 9 هەزار هاووڵاتی عێراقی و هەرێم ڕوویان لە بێلاڕووس كردووە، ڕێژەیەكی دەرچووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەیەكی كەمە، ئەوەشی ماوەتەوە زۆربەیان خوازیارن بگەڕێنەوە، بەڵام ئەو بڕە مادەیەی كە خەرجیان كردووە پێویست دەكات لە لایەنی لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و دەزگای كۆچی نێودەوڵەتی قەرەبوو بكرێنەوە تاكو بتوانن تێكەڵی كۆمەڵگا ببنەوە”.

دەربارەی ئەو كۆچبەرە كوردانەی كە لە ناو كەمپەكەی بێلاڕووس ماون، ئاری جەلال وتی”وەك ئاماژەم پێكرد 700 كۆچبەر لە ناو ئەو كەمپەدا ماونەتەوە ڕۆژانە وێنە و ڤیدیۆیان دێنە بەردەستمان لە ڕەوش و گوزەرانێكی سەختدان لە كەمی خواردن و خزمەتگوزاری كە سەرەتایـیترین خزمەتگوزاری تێدا نیـیە، وە ڕەنگە لە پایتەختی بێلاڕووسش نزیكەی 250 كۆچبەرمان هەبێت كە ئەوانە خۆیان لە هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبووندا ماونەتەوە، چاوەڕوان دەكەن لە دەروازەیەكەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.

ئاشكرایكرد، ئەوەندەی لێكۆڵینەوەمان كردووە وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژبەڕۆژ لە پاشەكشەدان لە وەرگرتنی ئەو كۆچبەرانە، چونكە ئەوان وایدەبینن ئەو كۆچبەرانە بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە كۆچیان كردووە، نەك كەیسێكی واقیعی كە مەترسیدار بێت بۆ سەر ژیانیان.

پەیوەندیدار