توانەوەی سەهۆڵی گرینلاند هەڕەشە لەمرۆڤایەتیی دەکات

بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەڕێگای مانگە دەستکردەکانی سەر بەگروپی “پۆلار پۆرتاڵ”ەوە کۆکراونەتەوە، دەرکەوتوە، دورگەی گرینلاند لەماوەی 20 ساڵی ڕابردودا زیاتر لە 5100 ملیار تۆن سەهۆڵی لێ تواوەتەوە، کە ئەوەش بەشی ئەوەدەکات هەموو ئەمریکا بەقوڵیی نیو مەتر ژێرئاو بخات.

توێژەرانی گروپی “پۆلار پۆرتاڵ” کە لەچوار دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی حکومیی پێکهاتوە دەڵێن، توانەوەی ئەو بڕە سەهۆڵە ڕۆڵی هەبوە لەوەی لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا ئاستی ئاوی سەر ڕوی دەریاکان بەئەندازەی 1.2 سانتیمەتر بەرزبێتەوە.

هەروەک بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەساڵی 2019 لەگۆڤاری “نەیچەر”دا بڵاوکراوەتەوە، پێشبینیدەکرێت تاوەکو ساڵی 2100 ئاستی ئاوی دەریاکان بەئاندازەی 7بۆ 13 سانتیمەتر بەرزببنه‌وه‌.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بەرزبونەوەیە ئەنجامی وێرانکەری دەبێت، بەشێوەیەک لەبەرامبەر هەر یەک سانتیمەتر بەرزبونەوەی ئاستی ڕوی ئاوی دەریاکان، نزیکەی 6 ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهاندا ڕوبەڕوی لافاوە کەناراوییەکان دەبنەوە، ئەوەش بەومانایە دێت کە تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیەو بەهۆی توانەوەی سەهۆڵی گرینلاندەوە، نزیکەی 100 ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهاندا ژێرئاودەکەون.

پەیوەندیدار