مان سیتی و لیڤەرپوڵ کێبڕکێی ڕیاڵ مەدرید دەکەن بۆ گواستنەوەی مباپێ لە هاوینی داهاتوودا.
بابەتی مانەوە یان ڕۆیشتنی کیلیان مباپێی یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە یانەکەیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەرمتر دەبێت و ڕۆژنامەکانیش چەندین بۆچوونی جیاوازیان بڵاوکردوەتەوە.
ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردوەتەوە، هەردوو یانەی مانچستەر سیتی و لیڤەرپوڵی ئینگلیزی دەیانەوێت کێبڕکێی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بکەن بۆ پەلکێشکردنی مباپێ بۆ ڕیزەکانی یانەکەیان.
ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی هەردوو یانە ئینگلیزیەکە ئامادەییان دەربڕیوە کە گرێبەستێکی گەورەتر لە گرێبەستەکەی ڕیاڵ مەدرید پێشکەشی یاریزانەکە بکەن تا بۆ وەرزی داهاتوو لە ڕیزەکانیان یاری بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای هەوڵەکانی یانەکانی لیڤەرپوڵ و مان سیتی بەڵام یانەی ڕیاڵ مەدرید پاڵێوراوی یەکەمە بۆ ئەوەی ئەستێرە فەرەنسیەکە گرێبەستی لەگەڵدا ئەنجامبدات چونکە ئەوە خەونی یاریزانەکەیە.
ڕونیشیکردوەتەوە، مباپێ تا ئێستاش داهاتووی خۆی یەکلانەکردوەتەوە بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی یان ڕۆیشتن لە یانەکەی ئێستایدا و بە ئەگەرێکی زۆەرەوە لە کۆتایی ئەم وەرزدا یانەی داهاتووی یەکلادەکاتەوە.