وەزارەتی دەرەوەی عێراق ژمارەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئۆکراینا ئاشکرا دەکات

بێستون لەتیف : ئێستانیوز

ئەمڕۆ هەینی 25-2-2022، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: باڵوێزخانەی عێراق لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بەردەوامە لە کارەکانی خۆی.

ئەحمەد سەحاف هەروەها رایگەیاندووە: وڵاتەکەی بەردەوام چاودێریی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیانی لەو ئۆکراینا، دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ژمارەی هاووڵاتیانی عێراقی (بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشەوە) لە ئۆکراینا ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە:پێنج هەزار و 537 هاووڵاتی لە ئۆکراینا دەژین کە 450 کەسیان قوتابیی زانکۆن.

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی لە 12-2-2022 داوایان لە هاووڵاتیانی عێراق لە ئۆکراینا کردووە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ هاووڵاتییەک داوای هاوکاری لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەکردووە بۆ گەڕانەوە.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاری دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی لە دژی ئۆکراینا دا و شەڕ دەستی پێکرد.

پەیوەندیدار