لەدوای تێپەڕینی دوو رۆژی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا پاش ئەوەی پوتین فەرمانی بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی روسیاکرد بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا و هەردوو وڵات ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە.
ڤیکتۆر یۆشینکۆ سەرۆک ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، ٥١٦ ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، حەوت ھێلیکۆپتەر، ١٠ فڕۆکە، زیاتر لە دوو ھەزار و ٨٠٠ سەرباز و نزیکەی ٨٠ تانک و ٢٠ مووشەکی جوڵاوی روسیایان لە چالاکی خستووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێرشی ھێزەکانی روسیا بە پشتیوانیی چەکی دوور مەودا بۆسەر ئۆکرانیا تا ئێستا بەردەوامی هەیە.
ڤالێری زالونجی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد، بە دووریی ١٢ میل لە کەناراوەکانی بەندەری پیڤدێنی لە ئۆدێسا، کەشتییەکی سووتەمەنی کە ئاڵای مۆڵدۆڤای بەسەرەوە بووە، لەلایەن کەشتییەکی روسییەوە کراوەتە ئامانج.
لەبەرامبەریشدا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، یەکە سەربازییەکانی روسیا، لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە بۆسەر ئۆکرانیا دەستی پێکردووە کۆی گشتی ٢١١ بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لەناوبردووە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکە سەربازییەکانی روسیا، شارەکانی کۆنۆتۆپ و سومی لە نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی شاری کیێڤیان ئابڵۆقەداوە و وتی: “یەکە سەربازییەکانی روسیا رێکاری پێویست بۆ پاراستنی ژیانی ھاوڵاتییە مەدەنییەکانی ئەم شارانە و ناوچە نیشتەجێکانی دەوروبەری دەگرنەبەر”.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ راشیگەیاند ھێزەکانی روسیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان بۆسەر ئۆکرانیا کۆی گشتی ٢١١ بنکەی سەربازی، ١٧ ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن، ٣٩ وێستگەی رادار، ١٩ سستەمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی، ١٦ راجیمە، پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شەش فڕۆکەی جەنگی، یەک ھێلیکۆپتەر، ٦٧ تانک، ٨٧ ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای ئۆکرانیایان لەناوبردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، پوتینی سەرۆکی روسیا دەستپێکی ئۆپەڕاسیۆنی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و بەردەوام وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا و هاوپەیمانیەتی ناتۆ هۆشداری پێدەدەن لەبارەی ئەوەی هێرشەکە زیانی بۆ سەر ئابووری وڵاتەکە دەبێت، روسیاش دەڵێت پێویستە کەس هیچ جۆرە تەداخولێک نەکات لەو بابەتەدا.