لە سێهەم رۆژی دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و رووبەڕووبوونەوەی توندی نێوان هەردولا، تا ئێستا جەنگ بەردەوامی هەیە و سەرۆکی ئۆکرانیا بەردەوام بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ لەناو خاکی وڵاتەکەیەوە دەیەوێت ورەی خەڵکەکەی بەرزبکاتەوە.
ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند پێویستە کیێڤ لەدەست نەدەرێت و نەکەوێتە دەست روسەکان و لە پەیامێکدا بۆ خەڵکەکەی وتی “پێویستە پارێزگاری لە خاکی وڵاتەکەمان بکەن.”
باسی لەوەشکرد، ئەوان بەردەوام دەبن لە شەڕکردن لە پێناو بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیریدا و ئامادەنین چۆک دابدەن.
هاوکات، شەوی رابردوو هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە ئەمریکا داوای لە ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە کە رزگاری بکات و بیگوازێتەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکە بەڵام ئەو رەتی کردووەتەوە و رایگەیاندووە دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە خەڵک و خاکەکەی دەکات.
وتەبێژی حکومەتی ئۆکرانیاش رایگەیاند، شەوی رابردوو روسیا فڕۆکەخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای بە موشەکی کالیبەر بۆردومان کردووە.