رووسیا و ئۆکراینا ئاماری جیاوازی شەڕ بڵاودەکەنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا دەڵێت، لە رۆژی 24ـی شوباتەوە کە هێرشی رووسیا بۆسەر وڵاتەکەی دەستیپێکردووە نزیکەی 12 هەزار سەربازی رووسی کوژراون و 353 تانکی ئەو وڵاتەش تێکشکێندراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا رۆژی هەینی 11-3-2022 بڵاویکردەوە و دەڵێت، لە دەستپێکی شەڕەکەوە 1165 ئۆتۆمبێلی سەربازی، 57 فڕۆکە، 83 هێلیکۆپتەر، 125 تۆپهاوێژ کراونەتە ئامانج و تێکشکێندراون.

وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینادا هاتووە، هەر لە ماوەی ئەم رۆژانەی رابردووی جەنگدا 60 تانکەری گواستنەوەی ئاو، 558 ئۆتۆمبێل، 3 کەشتی جەنگی و 31 سیستمی دژە فڕۆکە تێکشکێندراون.

هەرچی لایەنی رووسییە ئامارێکی دیکە بڵاودەکاتەوە.

رۆژی هەینی 11-3-2022 وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، لەو کاتەوەی شەڕی نێوان وڵاتەکەیان و سوپای ئۆکراینا دەستیپێکردووە، هێزەکانیان 3346 پێگەی سەربازییان لە ئۆکراینا کردووەتە ئامانج و وێرانیان کردوون، 121 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، 1067 تانک و زرێپۆش، 114 تۆپهاوێژ و 862 ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان تێکشکاندوون.

پەیوەندیدار