سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی پلانی هەیە کۆتایی بهێنێت بە پشتبەستن بە وزەی روسیا لە ساڵی ٢٠٢٧دا. ئەڵمانیاش گەورەترین بانکی خۆی لە روسیادا کشاندەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەم نزیکانە جەنگی ئۆکرانیا کێشە و پشێوی لە گەیەندنی غاز لە روسیاوە بۆ ئەوروپا و ئەفریقادا دروستدەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوروپا یەکگرتوون لەبارەی سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا و بەوهۆیەشەوە ئە سزایانەی بەسەر ئەو وڵاتەدا سپاندوویانە پێشتر بوونی نەبووە.
وتیشی، چەندین بژاردەی دیکەشیان لەبەردەمدایە لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و روسیاوە، لەنیویشیاندا فەرەنسا بەنیازە پلانێک دابنێت لە ساڵی ٢٠٢٧دا پێویستی بە وزەی روسیا نەبێت و چیدیکە وەک سەرچاوەی دابینکردنی وزە پشت بە روسیا نەبەستن.
سەرۆکی فەرەنسا ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لەهەوڵدایە جەنگی ئۆکرانیا و روسیا رابگرێت و روسیا هێزەکانی بکشێنێتەوە و قەناعەت بە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بکات گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکرانیادا بکات.
وتیشی، جەنگی روسیا و ئۆکرانیا خاڵێکی وەرچارەخانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
هەروەها، ئیمانوێل ماکرۆن هۆشداریشیدا لە سەرهەڵدانی برسێتی لە کیشوەری ئەفریقادا بەهۆکاری ئەو جەنگەی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا بەرپابووە.
هاوکات، بانکی دوێچەی ئەڵمانی لەراگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، هاوشێوەی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان و بانکەکانی دیکەی وڵاتان، ئەوانیش لە روسیا دەکشێنەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەن لەو کاتەی بەدەستیانەوە ماوەتەوە کارەکانیان رایی بکەن و سەرجەم چالاکییەکانیان سنوردارکردووە و هیچ کار و چالاکییەکی نوێ لە روسیادا جێبەجێناکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رێکەوتی ٢٣ی ٢ی ٢٠٢٢ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنەکانیا بۆسەر ئۆکرانیا دەتسیپێکبەن. لەبەرامبەریشدا هەریەک لە ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا و ژاپۆن و کۆریای باسوور و سەنگافورە و بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا زنجیرەیەک سزای ئابوری و بازرگانی و داراییان بەسەر بانک و دامەزراوە دارایی و ئابورییەکانی روسیادا سەپاند و لە سیستمی ویفتی جیهانی بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنی دراو کردە دەرەوە و بەهای رۆبڵی روسی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.