هۆشدارییەكی توند لە ئێرانەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگه‌یاند، “هۆشداریمانداوه‌ بە دەسەڵاتدارانی عێراق کە سنورەکانیان نه‌بێته‌ شوێنی پیلانگێڕیی دژی وڵاتەکەمان، هەرگیز قبوڵ ناکەین یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ ببێتە ناوەندێک بۆ پیلانگێڕان دژی وڵاتەکەمان و ناردنی تیرۆریستان”.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر رایگه‌یاند، “قەوارەی زایۆنی، لەهەرێمی کوردستان دژی ئێران کاردەکات، پێویستە باش بزانن ئێمە بەباشی خاڵە سیخوڕییەکانی پێدەزانین، راگەیاندنی ئێمەش بۆ ئەوە هۆشدارییەکی رونە بۆ ئەوان”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “هۆشداریمان داوەتە دەسەڵاتدارانی عێراق کە سنورەکانیان نەبێتە شوێنی پیلانگێڕی دژی وڵاتەکەمان، چونکە ئێمە قبوڵی ناکەین یەکێک لە وڵاتانی دراوسێمان ناوەندێک بێت بۆ پیلانگێڕانی وڵاتەکەمان و ناردنی تیرۆرستان”.
بەپێی راگەیه‌ندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، دره‌نگانی شه‌وی 13ی ئه‌م مانگه‌، 12 موشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ ئاڕاستەی شاری ھەولێر کراون، کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێنەکەوتوه‌تەوە.
چه‌ند كاتژمێرێك دوای هێرشه‌كه‌، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت و رایگه‌یاند، بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردوەتە ئامانج.
پاش ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی سوپای پاسداران، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، “سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئاداری 200ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک له‌ کونسوڵخانەی ئەمریکا بوە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بوە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژییانە دوبارە دەکاتەوە”.
ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابو کە، “بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانەیه‌، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانه‌”.

پەیوەندیدار