دانوستانکارێکی ئۆکرانی رایگەیاندووە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، هەنگاوی ئەرێنی و نوێ بۆ گفتوگۆ لەنێوان کیێڤ و مۆسکۆدا دەستیپێکردووە و هەردوو لاش ئاماژە بە هەبوونی بەرەوپێشچوون دەکەن.
بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، پاش 19 رۆژ بەردەوامبوونی جەنگ، لە ئێستادا هەوڵی جددی هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گفتوگۆکانی بە “زۆر باش” ناوبردبوو، کۆشکی کریملینیش جەختی کردبۆوە کە خۆی لە خۆیدا بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان “خۆی لە خۆیدا شتێکی ئەرێنییە.”
هاوکات زێلێنسکی درەنگانی شەوی رابردوو لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت و گوتی، دانوستانەکان ئێستا زیاتر “راستەقینەن.”
ئەمە لە کاتێکدایە، بارودۆخی کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و بەرپرسانی شارەکە دەڵێن رووسیا هێرشەکانی بۆسەر باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل زیادکردووە. ڤیتالی کلیتسچکۆ، سەرۆک شارەوانیی شارەکەش هۆشداریدەدات لەوەی کە کیێڤ رووبەڕووی “ساتێکی گران و مەترسیدار” دەبێتەوە و قەدەخەیەکی گشتیی هاتووچۆی 35 کاتژمێری راگەیاند.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکەن، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکە ئۆکراینایان بەجێهشتووە، هەروەها رێکخراوی یونسێف دەڵێت نیوەی ئەو خەڵکە منداڵانن.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی سێشەممە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئاشکرایکرد، وێنەگرێکیان لە ئۆکرانیا کوژراوە و پەیامنێرێکیشیان برینداربووە. پێشتریش لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە کوژرانی سێ رۆژنامەنووس و برینداربوونی 30ـی دیکەی پشتڕاستکردبووەوە.