یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا کات و شوێنی تیروپشکی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای ئاشکراکرد.
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، سبەینێ هەینی لە بارەگای یوفا لە شاری نیۆنی سویسرا، کاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان تیروپشکی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بۆ هەشت یانە بەشداربووەکەی ئەو قۆناغە ئەنجامدەدرێت کە بریتین لە لیڤەرپوڵ و مان سیتی و چێڵسی لە ئینگلتەرا و ڕیاڵ مەدرید ئەتلەتیکۆ مەدرید و ڤیاڕیاڵ لە ئیسپانیا و بایرن میونشن و بەنفیکا لە ئەڵمانیا و پورتوگال.
لە ڕاگەیانراوەکەشدا هاتووە، بەپێی سیستەمی پاڵەوانێتییەکە لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا جیاواز لە وەرزەکانی ڕابردوو دوو یانەی یەک وڵات ئەگەری بەریەکەوتنیان هەیە، هاوکاتیش ڕێڕەوی یانەکان تا یاری کۆتایی دیاردەکرێت و ڕووندەبێتەوە لە قۆناغی پێشکۆتایی کام دوو یانە ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە.
ئاشکراشکراوە یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی لە ڕۆژانی پێنج و شەشی مانگی نیسان و ڕۆژانی 12 و 13ی هەمان مانگیش یارییەکانی گەڕانەوە بەڕێوە دەچێت، هاوکاتیش دوو یاری قۆناغی پێشکۆتایی لە 27 و 28 ی مانگی داهاتوو ئەنجامدەدرێت و یارییەکانی گەڕانەوەش لە سێ و چواری مانگی ئایار دەبێت و یاری کۆتایش لە 28ی ئایار لە پاریسی پایتەخی فەڕەنسا ئەنجامدەدرێت.