جیاواز لە ساڵانی رابردوو تورکیا هەموو هەوڵێکی خۆی خستەکار تا رێگری لە گردبوونەوەی ملیۆنی شاری (ئامەد)دا بکات، کە ساڵانە لە رۆژی نەورۆزدا لە لایەن پارتی دیموکراتی گەلان( HDP ) ئەنجام دەدرێت.
لە ئەمساڵدا، دەسەلاتدارانی تورکیا پێیان وابوو لەو بارودۆخەی کە بەسەر (HDP) یان هێناوە، لە زیندانکردنی هاوسەرۆک و پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانیەکان دەیان هەزار لە کادیر و لایەنگرانی سەر بە هەدەپ، ئیدی ئاستەمە جارێکی دیکە لەو کەشوهەوا سیاسیە تۆقێنەرەی تورکیا و باکوری کوردستان، خەڵک بە پیر بانگەوازی هەدەپ بچێت بۆ بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز.
بۆیە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ سەرەتا لە لایەن دەوڵەتی تورکیا لە شارەکانی باکوری کوردستان جگە لە ئامەد رێگەیاندا کە خەڵک بەشداری ئاهەنگی نەورۆز بکات، چونکە پێیان وابوو خەڵک خۆی بەشداری ناکات، بەڵام لەوەیاندا حسابیان کورتی هێنا، کوردستانیان لە شارەکانی (گەڤەر و جزیرە و سلۆپی…هتد)، تەنانەت لە شارێکی گەورەی وەک (ئزمیر)یش بە جۆش و خڕۆشی جاران نەورۆزیان پیرۆز کرد. بۆیە ئەو خرۆشانە جەماوەریەی کوردستانیان وایکرد کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ ئاستەنگکردنی نەورۆزی ئامەد بکەونە خۆ، لەو بارەیەوە چەندین بڕیاریان دەرکرد لە نموونەی قەدەغەکردنی پۆشینی جلی کوردی لە لایەن پیاوان، هەروەها قەدەغەکردنی پۆشاکی رەنگاوڕەنگ لە لایەن ژنان.
جگە لەو دوو بڕیارەی سەرەوە، دەزگا ئەمنیەکان تەگەرەی زۆریان خستبووە بەردەم خەڵک بۆ گەیشتن بە گۆرەپانی نەورۆز، بۆ ئەم مەبەستە لە پێنج دەروازە کە دەبوو خەڵک لێیەوە بگەنە قەدی نەورۆز چەندین بازگە داندرابوون تا خەڵک یەکەکە بپشکیندرێت، تەنانەت بۆ دابڕاندنی خەڵک لە سەکۆی پڕۆتۆکۆلی میوانان و سەر شانۆ سێ بەربەستی تێلبەند بە بەرزی سێ مەتر داندرابوو، ئەمە وێڕای ئەوەی بۆ بەشداری میوانان لەو رێوڕەسمە ئاستەنگی زۆر دروستکرابوو.
ئێمە کە وەک میوانی نەورۆزی لە ئامەد ئامادەبووین، ئەو رۆژە چەند کاتژمێرێک بوو ئاهەنگ دەستیپێکردبوو، بەڵام وەک سەرجەم میوانەکانی دیکە بۆمان نەبوو بچینە ئەو شوێنەی کە لەلایەن لیژەنەی ئامادەکاری مەراسیمی نەورۆز بۆمان دەستنیشانکرابوو، لە رێگای مۆبایلەکانەوە سەیری جۆش و خرۆشی جەماوەرمان دەکرد کە نۆرەیان بەست بوو بۆ گەیشتن بە گۆڕەپانی نەورۆز، زۆریش نیگەران بووین کە دوای ئەوەی هەزاران کیلۆمەترمان بڕیوە کەچی بەرپرسە ئەمنیەکانی تورکیا رێگامان پێناندەن لەگەڵ کوردستانیان بەشداری لە ئاهەنگی پیرۆز راگرتنی نەورۆز بکەین.
دەمەو نیوەڕۆ، بەرپرسانی هەدەپ پێیان راگەیاندین “نیگەران مەبن کاتێک لە دیداری پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئەمنی بێ هیوا دەبین پەنا بۆ پلانی دووەم دەبردرێت”
شایانی باسە، پلانی دووەم کارتی جەماوەر بوو بۆ تێکشاندنی بەرپەستەکان و پڕکردنی مەیدان لە خەڵک، بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی ئەو پلانە ئێمەش کەوتینە رێ، دوو کیلۆمەترێک مابوو بگەینە ئەو دەروازەی کە میوان لێیەوە دەگەیشتنە مەیدانی نەورۆز، پەیوەندی کرا بە ئەوە کەسەی وەک سەرپەرشتیاری هەماهەنگی میوانەکان لەگەڵمان بوو کە میوانەکان راگرن چونکە لە شوێنی دانیشتنی میوانەکان لە نێوانی هێزە ئەمنیەکان و جەماوەر پێکدادن دروست بووە خەڵک بریندراکراوە و دەیان کەس دەستگیرکراوە، پێدەچێت ئەوە پیلانێک بێت بۆ میوانەکان داندرابێت.
دوای کاتژمێرێک لە چاوەڕوانی سەرەنجام دوای پاشەکشەپێکردنی پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانی دیکە لە لایەن جەماوەر هەواڵ هات کە میوانەکان بەڕێ بکەن، بەڵام کاتێک لە گۆڕەپانەکە نزیک بووینەوە هێشتا دوو کیلۆمەتر مابوو بۆ شوێنی ئاهەنگەکە لە لایەن بازگەی یەکەمی هێزە ئەمنیەکان سەرجەم میوانان لە سەیارەکان هێنرانە خوارەوە، وتیان: ” دەبێت بە پیادە بڕۆن”
دوای ئەوەی لە بازگەی یەکەم دەربازبووین، بازگەی دووەم تێلبەندێکی بەرز بوو جەندرمەکان هاوریان: “کرد ئێرە شوێنی پڕۆتۆکۆلە” کە باجەکانمان نیشاندان هاواریان کرد بکشێنەوە دواوە، ئەو جارەیان ووتیان:
” ئەوەی جلی کوردی لەبەرە بکشێتەوە”، پەرلەمانتارێکی کۆنی کوردستان کە بە نوێنەرایەتی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ بەشداری لە نەورۆزی ئامەد لەگەڵ مانبوو یەکێک بوو لەوانەی خۆی و شوفێرەکەی دوورخرانەوە بە بیانووی ئەوەی جلە کوردیەکانیان رەنگی لەشکریە.
پرسیارم کرد رەنگی لەشکری چیە؟ جەندرمەکە مۆڕەی لێکردین، چونکە نەیدەویست بڵێ ئەوە جلانە رەنگی خاکیە ئەو رەنگەش هی گەریلایە، دەیووت رەنگی لەشکریە، کە ئەوەشیان دانپێنانێکی گرنگە کە گەریلا لەشکری کوردیە.
دوابەدوای پشکنینێکی زۆر سەرنجام گەیشتینە نێو خرۆشانی ملیۆنی لە (قەدێ نەورۆزێ) کە بەو شوێنە دوترێت کە ساڵانە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەدی لێ پیرۆز دەکرێت.
ئەو کاتەی ئێمە گەیشتین ئاهەنگ خەریک بوو کۆتاییدەهات، بەڵام لەو چەند کاتە کەمەی کە لە ناویان بووین هەزارن دیمەنی خرۆشانی جەماوەریمان بینی کە وەسفکردنی ئاسان نیە.
ئێوارە لە میوانداری بەرپرسانی هەدەپ روویان لە میوانە بیانیەکان کردوو ووتیان” تکادەکەین ئەو دیمەنەی کە بینیتان وەک خۆی بۆ خەڵکی خۆتان بگوازنەوە” بەڵاش نەوتراوە بۆ ئەوەی تورک بناسی یەک رۆژ کورد بە.
هیوا سەید سەلیم