مەكتەبی جەماوەریەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، سەبارەت بە روونكردنەوەو راگەیەنراوی مامۆستایانی ناڕازی، رایدەگەیەنێت كە داواكاری و خواستەكانی مامۆستایان رەوان و جێگای ئەوەن دەزگا پەیوەندیدارەكان جێبەجێیان بكات.
هەندرێن شێخ راغب بەرپرسی مەكتەبی جەماوەریەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە ئێستانیوزی راگەیاند: مامۆستایانی ناڕازی داوای پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و چاككردنی موچەو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دەكەن، هاوكات مەترسیەكانی سەر كەرتی پەروەردە باس دەكەن و داوای چاكسازی ناو پەروەردە دەكەن، ئەمەش بەلای ئێمە خاڵی زۆر گرنگ و رەوان و لەجێگای خۆیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامێكی شایستەی ئەم داواكاریانەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بداتەوە.
ئەمەش دەقی رونكردنەوەو راگەیەنراوەكەی مامۆستایانی ناڕازییە:
ڕونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیەوە
مامۆستایانی سەربەرز
جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان
ئاشکرایە دەسەڵاتداران بەهۆی لێنەهاتوویی و شکستیان لەبەڕێوەبردن و حوکمڕانیدا ، ئەم هەرێمەیان توشی سەدان قەیران کردوەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانی هاوڵاتیان سەختر و گرانتر دەکەن ، بێباک و بێمنەتانە مامەڵە لەگەڵ کێشەو گرفتەکاندا دەکەن . پەروەردەش قوربانیەکی گەورەی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوەیە و لەسایەی نەزانی دەسەڵاتداران دا توشی سەدان گرفت و قەیران بووە ، جەوهەری ئەو گرفتانەش دواکەوتن و نەدانی مووچەی مامۆستایان و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە .
بۆیەلەڕوانگەی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و پەروەردەییمان ، ئەم چەندخاڵە دەخەینەڕوو :
۱/پێویستە سەرجەم چین وتوێژاکانی کۆمەڵگا هاوتەریب ، دژ بە ستەم و زۆرداری و کاولکاری دەسەڵات بوەستنەوە.
۲/دەسەڵات چیتر لەهەوڵی پەکخستن وبێ بەهاکردنی پەروەردەدا نەبێت وبەزووترین کات وەڵامی خواستە هەنوکەییەکانی مامۆستایان بداتەوە لە (پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان وفەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ، دابەشکردنی موچەلەکاتی خۆیدا).
لێرەوە ڕایدەگەیەنین :
وەک هەمیشە داکۆکیکار و پشتیوانی هەموو هەڵوێستێکی خۆرسکانە و مەدەنیانەی سەرجەم مامۆستایان دەبین ، لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەمخۆران ئاگاداردەکەینەوە کە لەئەگەری دابەشنەکردنی موچەی مانگی سێ لەسەرەتای مانگی چواردا ناڕەزایی و هەڵوێستی توندی مەدەنیانە دەگرینە بەر ، وە ڕێگاکانی فشارمان لەکۆبوونەوەیەکی فراوانی مامۆستایاندا ڕادەگەیەنین.
هاوکات دڵنیایی دەدەین هەر پەککەوتن و گرفتێک بۆ پرۆسەی خوێندن بێتەپێش تەنها دەسەڵاتدارانی بێباک و گەندەڵی هەرێم لێی بەرپرسن .
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی
٢٥ / ٣/ ٢٠٢٢
ئێستانیوز : بێستون لەتیف