دەست بە دابەشکردنی قەرەبوی زیانلکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر دەکرێت

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند لە سێ رۆژی داهاتوەوە دەست بە دابەشکردنی قەرەبوی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر دەکرێت، جەختیشدەکاتەوە، لەئێستادا ناتوانن بڕی هەمو قەرەبوەکە دابەشبکەن هەر کات هاوکارییەکەی حکومەتی عێراقی گەیشت بەشەکەی دیکەشی دابەشدەکەن.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سێ رۆژی داهاتوەوە جێگەیەک دیاری دەکرێت و پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکرێت کە لە لافاوەکەی شاری هەولێر زەرەرمەند بون و بڕی هاوکارییەکەش دیاری کراوە.

رونیشیکردەوە، پێشتر وەک رامانگەیاند بڕی زیانەکانی هاوڵاتیان بە 20-21ملیار دینار خەمڵێندرابو، بەڵام لەئێستادا بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق پارەی هاوکارییەکەی نەگەیاندوەتە ئەو ئاستەی کە پێویستە و هیچ بڕە پارەیەک نەنێردراوە، لە پارەی حکومەت و رێکخراوەکان توانرەوە بڕی حەوت ملیارو 500 ملیۆن دینارە دابینبکرێت.

جەختیلەوەشکردەوە، ئەو هاوکاریانەی دابەشدەکرێت هیچ پەیوەندیەکی بە حکومەتی عێراقەوە نییە، هەرکات بڕیاری خۆی لەبارەوە گۆڕی بە دڵنیاییەوە لەو بڕە پارەیەش هاوکاری خەڵکی دەکرێت.

سەبارەت بە کارەکانی ئەو لیژنەیەی بۆ دیاریکردنی هۆکاری روداوەکەی شاری هەولێر پێکهێنرابو، رایگەیاند، کارەکانیان نزیکبوەتەوە لە کۆتایی و لەچەند رۆژی داهاتودا ئەنجامەکانی رادەگەیەنن، راستە بەهۆی بارانی بەخوڕەوە رویداوە بەڵام لایەنی کەمتەرخەم و هۆکاری دیکەش لە لافاوەکەدا هەبون کە لیژنەکە دەیخاتە رو لەو بارەیەشەوە ئێمە سێ بڕیارمان بۆ سزادانیان دەبێت.

بەوتەی پارێزگاری هەولێر لەلافاوەکەی 17ی کانونی یەکەمی 2021، هەزار و 189ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتوە و 3هەزار و 183 خێزان زیان  بەر ماڵەکانیان کەوتوە 408 خانو 350 دوکانیش بەهەمان شێوە زیانیان بەرکەوتوە. 

ئێستانیوز… زۆزک

پەیوەندیدار