هاوپەیمانی عەرەبی هێرشی كردە سەر حوسیەكان

ھاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە، لە سەنعای پایتەختی یەمەن و شاری حەدیدە، هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئامانجی سەربازی حووسییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات.

لە راگەیاندراوێکی ھاوپەیمانیی عەرەبیدا کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعوودیە SPAەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە دەستکراوە بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی بۆ سەر بارەگا سەربازیەکانی سەربە حووسییەکان لە سەنعا.

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە جبەخانەی حووسییەکان لە دەوروبەری بەندەری سالیف لە پارێزگای حەدید لە کەنار دەریای سوور لە خۆرئاوای یەمەن خاپوور کراوە، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە دوای ئەوەی میلیشیاکانی حووسی چەکیان بۆ بەندەری سالیف گواستووەتەوە هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە، تەلەڤزیۆنی ئەلمەسیرەی سەربە حووسییەکان، بڵاویکردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە چوار هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر سەنعا.

پەیوەندیدار