سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دوای مانگێک لە ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، داوای راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لەو دوو وڵاتە دەکات.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان لە ناوەندی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەکرد، جەنگ بووەتە ھۆی ئەوەی ھەزاران کەسی مەدەنی ببنە قوربانی، جگە لەوەی ١٠ ملیۆن کەس دەربەدەر بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی جەنگەوە ژێرخانەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک لەناوبراون و شەڕەکە بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخی خۆراک و وزە لەسەرانسەری جیھاندا.
گوتێرێس جەختی لەوەکردەوە، ئەو تراژیدیا مرۆییە ناتوانرێت بە ھاوکاریی مرۆیی چارەسەر بکرێت و رایگەیاند، “بەمەبەستی بەرەوپێشچوونی جددیی لە دانوستانە سیاسییەکاندا، بانگەوازی راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەستی مرۆیی دەکەم”.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە رێکخراوەکە لەگەڵ ھەریەک لە روسیا و ئۆکرانیا لە ھەوڵی دۆزینەوەی رێگاکانی دەستەبەرکردنی ئاگربەستی مرۆییدایە، تیشی خستسەر ئەوەش، راگرتنی پێکدادانەکان دەرفەت بۆ گەیاندنی ھاوکارییە سەرەکییە مرۆییەکان دەڕەخسێنێت و ئاگربەستی مرۆیی ژیانی زۆر کەس لە مردن رزگار دەکات.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس باسی لەوەشکرد، تەنانەت نایەوێت بە خەیاڵیش بیر لە ئەگەری جەنگی ئەتۆمی، بایۆلۆجی و کیمیاویی بکاتەوە.