دەوامی فەرمانبەران كەمدەكرێتەوە

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا له‌مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا كاتژمێرێك ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌، تاوه‌كو ئێستاش حكومه‌تی هه‌رێم هیچ بڕیارێكی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌رنه‌كردوه‌.

به‌پێی نوسراوێكی ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و داموده‌زگاكانی نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان كراوه‌ و تێیدا هاتوه‌، له‌سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان له‌مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا، بڕیاردراوه‌ ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران رۆژانه‌ كاتژمێرێك كه‌مبكرێته‌وه‌ و ئه‌و كاتژمێره‌ش به‌پێی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌كاتی ده‌ستپێك یاخود كۆتایی ده‌وام رێكده‌خرێت.

هه‌ر به‌گوێره‌ی نوسراوه‌كه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ 31ی (ئادار/3)ی 2022 ده‌رچوه‌، له‌ رۆژی 2ی نیسانه‌وه‌ ده‌خرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان كاری پێده‌كرێت.

تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمی بڕیاری له‌باره‌ی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان نه‌داوه‌، چاوه‌ڕوانیشده‌كرێت هاوشێوه‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵ كاتژمێرێك ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌.

پەیوەندیدار