ئەحمەد عەلی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، لایەنە كوردی و سونیەكان لە توانایاندایە قەیرانی سیاسی عیراق چارەسەر بكەن، ئەویش بە جوڵەكردن بەرەو لایەنەكانی تری شیعە.
ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە كردووەتەوە، پێویستە هێزە سیاسییە كوردی و سونیەكان تاڕادەیەك ئازادبن لە پابەندبوون بە لایەنێكی سیاسی دیاری كراوەوە و هەوڵی نزیكبوونەوەی بۆچونەكان لەگەڵ لایەنەكانی تر بدەن، ئەوەش لەپێناو كۆتایی هێنان بەو چەقبەستووییەی ئێستا هەیە.
وتوشیەتی، سوربونی هەندێك هێزی سیاسی لەسەر هەڵوێستەكانیان دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی بارودۆخەكە زیاتر لەوەی كە هەیە، بۆیە پێویستە دوربكەونەوە لەو لێدوانانەی كە دەبنە هۆی خولقاندنی قەیرانی نوێ.
ئەحمەد عەلی پێشی وایە، بەبێ ئەوەی كوتلە سیاسییەكان بە حساباتی خۆیاندا سەبارەت بە گەورەترین پێكهاتە بچنەوە و بەبێ لێكتێگەیشتن لەنێوان هەمواندا بۆ دەرچوون لە قەیرانی سیاسی پرۆسەی سیاسی ناچێتە پێشەوە.