حەلبوسی : ئەگەر ناكۆكیەكان بەردەوامبن لەهاوپەیمانی سێقۆڵی دەكشێينەوە

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نیازی هەیە بەمنزیکانە سەردانی موقتەدا سەدر لەحه‌نانه‌ بکات‌و تێیدا کشانەوەی خۆی لەهاوپەیمانی سێقۆڵی ڕابگەیەنێت، ده‌شڵێت:”ئەوەش وەک ناڕەزایەییەک ده‌بێت بەرامبەر بەو ناکۆکیانەی لەگەڵ حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەڕلەمان لەسەر لیستی ڕەوتی سەدر بۆی دروستبووە”.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، حەلبوسی لەسەردانەکەیدا بۆ حەنانە، موقتەدا سەدر ئاگاداردەکاتەوە کە ئەگەربێت‌و ناکۆکییەکانی لەگەڵ حاکم زاملی لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان بەردەوامبن، ئەوە دەیەوێت هاوپەیمانی “سیادە”ی سوننەکان لەهاوپەیمانی سێقۆڵی سەدرو پارتی بکێشێتەوە.

ئەوەش هاتووە، “ئەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردۆتەوە بەشێکی کەمە لەو قەیرانە سیاسییەی لەنێوان حەلبوسی‌و زاملیدا دروستبووە، بەشێوەیەک حەلبوسی چەند لایەنێکی سیاسیی ئاگادارکردۆتەوە کە ناکەوێتە ناو تەڵەی کۆنترۆڵکردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە”.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەک لەمحەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەڕلەمان‌و حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەڕلەمان لەسەر لیستی ڕەوتی سەدر لەسەر بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیان‌و یاساییبوون یان نەبوونی دەستەواژەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان ناکۆکی کەوتە نێوانیان‌و هەریەکەیان لەڕێگای دەرکردنی نووسراو بۆ پەرلەمانتاران وەڵامی یەکتریاندایەوە

پەیوەندیدار