لە سلێمانی و كەركوك بەهۆی خۆڵبارینەوە نزیكەی 250 كەس سەردانی نەخۆشخانەیان كردوە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی خۆڵبارینەوە لەناو سەنتەری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 90 كەس سەردانی بەشەكانی فریاكەوتنیان كردووە.

سامان لەتیف لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لەماوەی چەند كاتژمێری رابردوو بەهۆی خۆڵبارینەوە لەناو سەنتەری پارێزگای سلێمانی، نزیكەی 90 كەس سەردانی فریاكەوتنەكانیان كردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو هاوڵاتییانە سەردانی هەردوو فریاكەوتنی “نەخۆشخانەی شار” و “نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال ئەحمد رەشید”ی تایبەت بەمنداڵانیان كردووە و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

لەلایەكی دیكەوە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک رایگەیاند، ئەمڕۆ بەهۆکاری بەردەوامی خۆڵبارینەوە 150 هاوڵاتی دیکە توشی هەناسە توندی بوون و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

ئەمڕۆ شەممە، فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای کەرکوک لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی ئەو شەوپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە عێراق و هەرێمەوە کردووە، هەر ئەمڕۆ 150 هاوڵاتی پارێزگاکە بەهۆی توشبوونیان بە هەناسە توندییەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە کە شەپۆلی خۆڵبارینەکە دەستی پێکرد 400 کەیسی توندبوونی هەناسە تۆمار کرا.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوکەوە، لەماوەی دوو رۆژی رابردووەوە تا ئێستا 622 کەیس لە نەخۆشخانەکانی شاری کەرکوک تۆمار کراوە و ژمارەکە بەرزبووەتەوە.

لەلایەن خۆشییەوە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای کەرکوک لە راگەیەنراوێکیدا داوای لە هاوڵاتییان کردووە هاوکاری دامەزراوە تەندروستییەکان بکەن و رەچاوی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراقی گرتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، تەنها لە چەند ناوچەیەک بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەکەوە نزیکەی هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

پەیوەندیدار