ئەمڕۆ مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

بەگوێرەی لیستی دابەشکردنی کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ١٢ی ٤ی ٢٠٢٢ موچەی وەزارەتەکانی دارایی و ئابوری و ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی دام و دەزگا نەوتییەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە دابەشدەکرێت.
بەگوێرەی لیستەکەی وەزارەتی دارایی، دەبێت تا رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٨ی ٤ی ٢٠٢٢ موچەی مانگی ئاداری ٢٠٢٢ی سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکان دابەشبکرێت.
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی ٣ی ٢٠٢٢ فارس عیسا نوێنەری هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا گەیشتە هەرێم.
هاوکات، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زۆربوونی داهاتی ناوخۆیی لە ئێستادا بەشی موچەی تەواوی زیاتر لە مانگێک لەبەردەستی حکومەتی هەرێمدایە، بەڵام دابەشکردنی موچە بەردەوام کێشەی تێدەکەوێت و دابەشکردنی بێ هیچ هۆکار و پاساوێک دوا دەکەوێت.
لەماوەی رابردوودا، لەکاتی دابەشکردنی موچەی شوباتی ٢٠٢٢، پێنج خانەنشین لەسەرەی وەرگرتنی موچەکانیان گیانیانلەدەستدا.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی لیست و وادەی دابەشکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەران رادەگەیەنێت، بەڵام بە بیانوی نەبوونی پارە لە بەشێک لە بانکەکاندا موچەخۆران نەک هەر دابەشکردنی موچەکانیان دوادەکەوێت، بەڵکو ناچاردەبن لە ئەگەری بوونی پارە لە درەنگانی شەوەوە لەبەردەم بانکەکاندا سەرە بۆ وەرگرتنی موچەکانیان بگرن.

پەیوەندیدار