کەسوکاری ئەنفالکراوان بێنازترین توێژی کۆمەڵگان دەبێت وەڵامی داخوازیەکانیان بدرێتەوە

لە ساڵرۆژی کارەساتی ئەنفالی خەڵکی کوردستاندا، سەری رێز و وەفا بۆ قوربانیانی ئەو کارەساتە گەورەیە دادەنەوێنین، سڵاوی رێزو وەفاش بۆ کەسوکاریان دەنێرین کە ساڵانێکە بەرگەی خەمێکی گەورەیان گرتووە.
کارەساتی ئەنفال پلانی قڕکردنی نەتەوەیەک بوو، کە قوربانیەکەی خاپورکردن و ڕاگواستنی هەزاران لادێی کوردستان و جینۆسایدکردنی سەدان هەزار هاوڵاتی سڤیل بوو، کە بەشی هەرە زۆریان ژن و منداڵ بوون، کە دوای ڕاگواستنیان لەسەر زێدی بابوو باپیرانیان لە بیابانەکانی خوارووی عێراق زیندەبەچاڵ کران.
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، وێڕای پشتیوانی بەردەوامان بۆ داخوازیەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان ، پشتیوانی لە تەواوی ئەو هەوڵانەش دەکەین کە لەلایەن رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە کەیسی ئەنفال بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە لە سەکۆ نێودەوڵەتیەکان دەدرێن، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تایبەت بە کەیسی ئەنفال سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو سەدان کەسەی دادگا تۆمەتباری کردوون وەک بەشداربووی ئەو تاوانە پشتیوانی خۆمان رادەگەیەنین، هەر لێرەشەوە رایدەگەیەنین کە داڵدەدانی تاوانبارانی ئەنفال بە هەر بیانوێک بێت بێڕێزیە بە گیانی پیرۆزی ئەو قوربانیانە.
هەروەها بە ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕایدەگەیەنین، کە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان تایبەت بە کەیسی ئەنفال، دەبوو حکومەتی ئێستای عیراق وەک میراتگری شەرعی رژێمی پێشوو داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان بکات و ئەرکی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە ئەستۆ بگرێت.
هەر لەو بۆنە کارەساتبارەدا بە بیر حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەهێنینەوە کە دەبێت هەرچی زوو ئاوڕی جدی لەو ناوچانە بداتەوە کە لە پرۆسەی ئەنفال زۆرترین قوربانیان داوە ، ناکرێت ئەو ناوچانە لە خزمەتگوازری سەرەتایی بێ بەش بکرێن .
خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەپیرەوەچوونی داخوازیەکانیان ئەرکێکە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دروود بۆ قوربانیانی کارەساتی ئەنفال
سڵاو بۆ خۆڕاگری کەسوکاری ئەنفال
رێسوایی شەرمەزاری بۆ تاونبارانی ئەنفال

مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
2022/4/14

                                                             

پەیوەندیدار