ماریا زاخارۆڤا: ئەمریكا زانیاری نادروست لە بارەی ئۆكرانیاوە بڵاو دەكاتەوە

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وه‌زارەتی ده‌ره‌وه‌ی روسیا رایگه‌یاند، هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یانه‌وێت به‌ دروستكردنی پڕوپاگه‌نده‌ زانیارییه‌كان له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاقیگه‌ بایۆلۆژییه‌كانیان له‌ ئۆكرانیا بشارنه‌وه‌، هەروەها دەیانەوێت به‌ تۆمه‌تباركردنی روسیا و هه‌واڵی نا راست سه‌رنجی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خۆیان لاببه‌ن.

ماریا زاخارۆڤا له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ تۆڕی هه‌واڵی Russia Today، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌رپرسانی ئه‌مریكا و میدیاكانیان له‌ ده‌ستپێكی ئۆپراسیۆنه‌كانمانه‌وه‌ هه‌واڵی چه‌واشه‌كاریان له‌ باره‌ی روسیاوه‌ له‌ ئۆكرانیا بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ له‌ پێناو شاردنه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تاقیگه‌ بایۆلۆژیه‌كانی خۆیان.

وتیشی، “ئێمه‌ له‌لای خۆمانه‌وه‌ ته‌واوی ئه‌و زانیارییانه‌مان سه‌باره‌ت تاقیگه‌ بایۆلۆژییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ته‌واوی جیهان خستوه‌ته‌ڕو، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌مریكایه‌ كه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی نا راست له‌ باره‌ی وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و زانیارییانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بشارێته‌وه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “ئێستا ئه‌مریكا هێرشی میدیایی وه‌ك چه‌كێكی به‌رگری باش به‌كارده‌هێنێت و به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی میدیایی ده‌یه‌وێت ته‌واوی جیهان چه‌واشه‌ بكات و سه‌رنجی جیهان له‌سه‌ر چالاكییه‌كانی له‌ ئۆكرانیا دوربخاته‌وه‌. به‌ تۆمه‌تباركردنی روسیاش به‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی و بایۆلۆژی ته‌واوی چاوه‌كان له‌سه‌ر خۆی دوره‌ په‌رێزبگرێت”.

ماریا زاخارۆڤا ئاشكراشیكردوه‌، “به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا هه‌مان ئه‌و لێدوانانه‌ی ئه‌مریكا دوباره‌ و سێباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ بارەی چالاكییه‌كاتی روسیا له‌ ئۆكرانیا و ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌ پشتگیری هاوپه‌یمانه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی تاقیگا بایۆلۆژییه‌كانی له‌ ئۆكرانیا په‌رده‌ پۆشبكات، روسیاش به‌وه‌ تۆمه‌تباربكات كه‌ چه‌كی كیمیایی و بایۆلۆژی له‌ ئۆكراینا به‌كارهێناوه‌

پەیوەندیدار