هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” رایگەیاند، هێرشەکانی سوپای تورکیا لە هێڵی باکورەوە نییە و بەڵکو لەباشورەوە و لە هێڵی بامەڕنێ ئامێدییەوە فڕۆکەکان دەفڕن و لە شیلادزێوە هێرشدەکرێتە سەر هەرێمی زاپ.
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پەکەکە لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، تورکیا دەیەوێت لەرێگەی هێلیکۆپتەرەوە سەربازەکانی لە زاپ جێگیر بکات و فڕۆکەش بە ئاسمانی ناوچەکاندا دەسوڕێتەوە و هێرشی چریان بۆ سەر ناوچەکان دەستپێکردووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی هەپەگە، سوپای تورکیا شەوی رابردوو بە فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی بە چڕیی ناوچەکەی بۆردوومان کردووە و هەوڵیداوە سەربازەکانی لە ئەشکەوتی برینداران لە ناوچەی زاپ داببەزێنێت، بەڵام هێزەکانیان رووبەڕوویان بوونەتەوە.
هەر ئەمڕۆش خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی وشکایی و ئاسمانییەوە ئۆپەراسیۆنی “کلیل چنگ”-ی بۆ سەر ئامانجەکانی لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤەشین-باسیان لە هەرێم دەستیپێکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو، سوپای تورکیا دەستی بە هێرشێکی ئاسمانی کرد بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی زانیارییەکان هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین و کۆڕەژارۆوو بووە لە دەڤەری بادینان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، جگە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان تورکیا ناوچەکانی زرگان و تەل تەمەریشی لەرۆژئاوای کوردستان بۆمباران کردووە.
لە رۆژی ١٤ی نیسانەوە ھێزە ئاسمانییەكانی توركیا، بە ٤٧ ھێرشی ئاسمانی بۆسەر زنجیرە چیاكانی دەوروبەری ئامێدی ئەم هێرشەیان دەستپێكردووە و باس لەوەش دەکرێت، لەم شەوەوە هێرشی کلیل چنگ لە رێگەی زەمینییەوە دەستپێبكات.