بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ژمارەیەک چەکدار هێرشیانکردە سەر ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاژانسی فەرمیی ئەو وڵاتەش دەڵێ، کەسێک کوژراوە.
ئەمڕۆ شەممە 23-4-2022 میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، چەند چەکدارێک هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی حوسێن ئەڵماسی، فەرماندەی یەکەی 110ی سوپای پاسداران لە ناوچەی سیستان و بەلوچستان و کەسێک بەهۆی هێرشەکەوە کوژراوە.
میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران – ئیرنا لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکە نووسیویەتی، “مەحموود ئابسالان، کوڕی پەرویز ئابسالان، فەرماندەی سوپای پاسداران لە یەکەی سەلمانی فارسی، بەهۆی هێرشە چەکدارییەکەوە کوژراوە”.
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران نووسیویانە: “حوسێن ئەڵماسی لەو هێرشە چەکدارییەدا هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە”، بەڵام چەند سەرچاوەیەک باس لە برینداربوونی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران دەکەن.
کەناڵی تیلیگرامی “رەسەدی بەلووچ” کە نزیکە لە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بەلوچستان، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باس لە “برینداربوونی حوسێن ئەڵماسی” دەکات.
یەکەی 110ی “سەلمانی فارسی” بنکەی سەرەکی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانە.