بەیاننامەی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لقی ڕاپەرین بەبۆنەی 48مین ساڵیادی بۆردۆمانی قەڵادزێ

٢٤/٤/١٩٧٤ دوای ئەوەی گفتوگۆی نیوان شۆرش و رژێمی بەعس بە بنبەست گەشت وپاشگەزبونەوەی لە ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازار، جارێکی تر شۆرشی چەکداری گەلی کورد دەستیپێکردەوە، بە بڕیاری سەرکردایەتی شۆرش زانکۆی سلێمانی گواسترایەوە بۆ شاری قەڵادزێ
بۆ بەردەوام بوونی خوێندن، ڕژێمی داخ لەدڵی بەعس بە شێوازێکی بەربەریانەو نامرۆڤانە شاری قەڵادزێی بۆردومانکرد بە چەکی قەدەغکراوی نێودەوڵەتی ناپاڵم کەبوو بەهۆی شەهیدبوونی دەیان خوێندکارو هاواڵتی سڤیل و سەدان بریندار و کاولکردنی شاری قەڵادزێ.


هەموو ساڵێ بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژەو بەرز ڕاگرتنی خوێنی شەهیدان هاوشاریانی قەڵادزێ بە تایبەت و کوردستان بەگشتی ئەم یادە بەرز ڕادەگرن، لە ٢٤/٤/١٩٨٢ بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە ڕیپێوانێکی هێمنانە بۆ سەر گۆڕی شەهیدان ئەنجامدراو دەیان دروشمی دژ بە ڕژێم دەگوترایەوە،
پیاوانی ڕژێم دەستڕێژی گولەیان لە جاماوەر کردوو بوو بە هۆی شەهیدبوونی مامۆستا سنەوبەر و دایکە ئامینە، بڵێسەی ئەم ڕاپەڕینە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە بۆ پشتیوانی قەڵادزێی دووجار شەهید.

لەکاتێکدا یادی ئەم کارەساتە دەکەینەوە کوردستان و ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیار تێدەپەڕێت
لە لێکترازانی ناوخۆیی لایەنەسیاسیەکان و حوکمڕانیەتێکی پڕ لە قەیران و لەلایەك داگیرکاری
دەوڵەتی فاشستی تورک بۆ باشوری کوردستان.
خوێنی شەهیدان داوامان لێدەکات هەرچی زووە ناوماڵی کورد ڕێکبخرێتەوەو بە بەرنامە قەیرانەکان چارەسەر بکرێن وەک وەفایەک بۆ قوربانیانی گشت کارەساتەکان.
لەم ڕۆژەدا داواکارین کە گرنگی زیاتر بە بوژانەوە و پەرەپیدان و ئاوەدانکردنەوەی شاری قەڵادزێ بدرێت لە گشت بوارەکاندا وە ئەم کارەساتە بە جینۆساید بناسێنرێت لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ٢٤/٤/١٩٧٤ و ٢٤/٤/١٩٨٢ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان.
لقی ڕاپەرین حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٠٢٢/٤/٢٤

پەیوەندیدار