تەندروستی عێراق ئامارەکانی تای خوێنبەربونی بڵاوكردەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئامارەکانی توشبون و مردن بە تای خوێنبەربون لەسەرتاسەری عێراق بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت تائێستا 18 حاڵەت تۆمارکراوە.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویکردوەتەوە، تائێستا 18 حاڵەتی توشبون بە تای خوێنبەربون لە عێراق تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش چوار کەس مردون، کە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەن وەک کە پیشەیان بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکانە، یان گۆشتفرۆشن، ئەمەش بەو مانایە نایات کە کەسانی دیکە توش نابن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەمساڵدا توشبوەکان ژمارەیان دیاریکراوە، لەزۆرینەی پارێزگاکان لە 10 توشبو تێپەڕناکات، بەڵام زۆرترین زیان بەر پارێزگای زیقار کەوتوە.
جەختیشیکردەوە، تائێستا هیچ پێکوتەیەک بۆ رێگری لەپەتاکە نییە، بەڵام دەکرێت لەرێی خۆپارێزییەوە رێگری لەبڵاوبونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە بکرێت.
سەبارەت بە نیشانەکانی نەخۆشییەکەش وتی، زۆرینەی حاڵەتەکان هەست بە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئازاری سک و ئازاری لەش دەکەن، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی نەخۆشییەکە بۆ قۆناغی دواتر خوێنبەربون لەبەشە جیاوازەکانی لەش وەک(دەم، لوت، چاو) رودەدات، گەر چارەسەر نەکرێت سەر دەکێشێت بۆ لەکارکەوتنی گورچیلە، جگەر و دواتر مردنی کەسەکەی لێدەکەوێتەوە.
تای خوێنبەربون، نەخۆشێکی ڤایرۆسییە، توشی ئاژەڵە ماڵییەکانی وەک(مەڕ و بزن و مانگا)دەبێت، لەگەڵ بەرکەوتنی مرۆڤ بە خوێنی ئاژەڵەکە، یان بەکارهێنانی گۆشتەکەی بۆی دەگوێزرێتەوە، لەماوەی دو ساڵی رابردوشدا چەند حاڵەتێکی توشبون بە ڤایرۆسەکە لە عێراق تۆمارکراوە.

پەیوەندیدار