سەندیكای پزیشكانی كوردستان ئەنجامی بەدواداچوونی لیژنەیەكی لەسەر كەیسی “دەستدرێژی پزیشكێك بۆ سەر ژنێك” بڵاوكردەوە و جەختدەكاتەوە، كە ئەگەر ئەو پەڕلەمانتارە داوای لێبوردن نەكان دۆسیەكە دەبەینە دادگا.
سەندیكای پزیشكانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەبوبەكر هەڵەدنی سوور بوو لەسەر نەدركاندنی ناوو ناونیشانی ئەو كەسەی كە تۆمەتی خراوەتە پاڵ لە هەمان كاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندا، كە داوای لێبوردن بكات لەهەر پزیشكێك، كە پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ كرابێت لە ئەنجامی ئەم لێدوانەی.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
ئەنجامی لیژنەی بەدواداچوونی سەندیكا لەسەر لێدوانەكانی پەرلەمەنتار ئەبوبەكر هەڵەدنی
پاش ئەوەی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا بەڕێز ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، پزیشكێك تاوانبار دەكات بە دەستدرێژی سێكسی بۆسەر نەخۆشێك، ئەنجومەنی باڵا لیژنەیەكی بۆ بە دواداچوون لەسەر ئەم بابەتە پێكهێنا بۆ خستنە رووی راستەیەكان .
دوابەدوای دانیشتنی لیژنە لەگەڵ بەڕێز ئەبوبەكر هەڵەدنی ، ئەم خاڵانەی خوارەوە وەك دەرەئەنجام و روونكردنەوە بۆ رای گشتیی وپزیشكان دەخەینە روو:
١. بەڕێز ئەبوبەكر هەڵەدنی سوور بوو لەسەر نەدركاندنی ناوو ناونیشانی ئەو كەسەی كە تۆمەتی خراوەتە پاڵ ئەوەش لەبەر ئەوەی وەك بەڕێزیان دەڵێت “لەبەر دۆخی كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی”، لە هەمان كاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندا كە داوای لێبوردن بكات لەهەر پزیشكێك كە پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ كرابێت لە ئەنجامی ئەم لێدوانەی.
٢. پزیشكان توێژێكی زۆر گرنگی كۆمەڵگان و سامانێكی نەتەوەیین ، پێویستە بەڕێزیان و هەموو لایەك خۆیان بە دوور بگرن لە لێدوانی ناشرین و تەشهیر كردن بەم پیشەیە.
٣. ئەم لێدوانەی بەڕێز هەڵەدنیش دەچێتە خانەی زیان گەیاندن بە كاری پزیشكیی و مەترسی بۆ سەر پزیشكان. بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین كە وەكو سەندیكا سوورین لەسەر ئەوەی كە پێویستە ئەم بەڕێزە بە فەرمی داوای لێبووردن لە پزیشكان بكات بە پێچەوانەوە كەیسەكە دەبەینە دادگا و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵە ئەم پێشێلكاری وتەشهیرە دەكەین.
٤. سەندیكای پزیشكان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە هەرێم بەردەوام دەبێت لە چاودێری كردن وپاراستنی بنەما و بەها بەرزەكانی دەست دانە پیشەی پزیشكی لە هەرێم و داكۆكیكاری مافەكانی نەخۆش و پزیشكان بەیەكەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك بەرەنگاری هەموو ئەو هەوڵانە دەبێتەوە كە دەیانەوێت متمانەی هاووڵاتییانی خۆشەویست بە پزیشكان و پیشەی پزیشكیی لە كوردستان لاواز بكەن.
لەگەڵ رێزدا
سەندیكای پزیشكانی كوردستان