ئەنجوومەنی باڵای ئیمارات لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە گوێرەی بڕگەی 51ـی دەستوور، محەممەد بن زایدی وەکو سەرۆکی وڵات هەڵبژارد.
رۆژی هەینی 13-05-2022، خەلیفە بن زاید ئالنهەیان، سەرۆکی ئیمارات و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، بەپێی وەزارەتی کاروباری سەرۆکایەتی بۆ ماوەی 40 ڕۆژ ئاڵای ووڵات لەسەر دامەزراوەکان دادەگیرێت و 3 رۆژیش دەوام لە فەرمانگەکانی کەرتی گشتی و تایبەتیش رادەگیرێت.
خەلیفە بن زاید ئالنهەیان لە شاری ئەلعەین لە 7ی ئەیلوولی 1948 لەدایکبووە. کوڕی گەورەی دامەزرێنەری وڵاتی ئیماراتە. دووەم سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و شەشەم حاکمی شازدەیەمی ئیمارەتی ئەبو زەبی بووە. لە 3ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004 لە شوێنی باوکی”زاید بن سوڵتان”ی دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بووەتە سەرۆکی وڵات.
لە ماوەی ژیانیدا، خەلیفە بن زاید چەندین پۆستی وەرگرتووە لەوانە: سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و دەزگای ئەبو زەبی بۆ وەبەرهێنان، وەزیری بەرگریی و دارایی، جێگری سەرۆکوەزیران، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
لە ساڵی 1964، خەلیفە بن زاید ئالنهەیان لەگەڵ شەمسە سوهێل بن حەمەد مەزروعی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و هەشت منداڵیان هەیە دووانیان کوڕن.