وەزارەتی بەرگریی رووسیا کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچکەی لیمانی لە ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا راگەیاند.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو شارۆچکەیە لە لایەن هێزی هاوبەشی سوپای رووسیا و چەکدارە جوداخوازەکانەوە “بە تەواوی ئازادکراوە.”
لیمان کە شوێنی ژیانی 20 هەزار کەسە، بە شارۆچکەیەکی ستراتیجیی گرنگ دادەنرێت، چونکە دەکەوێتە باکووری هەردوو شاری سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک کە هێشتا لەژێر کۆنتڕۆلی ئۆکراینادان.
کۆنتڕۆڵکردنی لیمان دەرفەت بە مۆسکۆ دەدات دەستی بە ژمارەیەک رێگە و هێڵی ئاسنین بگات بۆ ئەوەی لە رووباری سیڤەرسکی دۆنێتس بپەڕێتەوە و پێشڕەویی زیاتر لە دۆنباس بکات.
پێشتر سەربازانی رووسیا چەندین جار هەوڵیاندا لە رووبارەکە بپەڕنەوە، بەڵام شکستیان هێنا و زیانی ماددی و گیانی گەورەیان بەرکەوت.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دیمەنی هێلیکۆپتەرە سەربازییەکانی و دابەزینی ئاسمانیی هێزەکانی بۆ نێو لیمان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، سەربازانی رووسیا بە پەڕەشووت دابەزیونەتە نێو شارەکە و بە تۆپباران پاڵپشتیکراون، لە ئەنجامدا بەسەر بەرگریی ئۆکراینادا زاڵبوون و دوو زرێپۆشی ئەو وڵاتەیان تێكشکاندووە و 20 سەربازی ئۆکراینیشیان کوشتووە.