هەرێمی کوردستانی عێراق، قەوارەیەکی سیاسی دەستوری و دانپێدانراوی عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیە.
ئەگەر بەرواری یەکەم هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمان (١٩/٥/١٩٩٢) وەک سەرەتای تەمەنی قەوارەکە بناسێنین، ئەوا سی ساڵ بەسەر تەمەنیدا تێپەڕیوە.
ئەم سێ دەیەی مێژووی هەرێمی کوردستان، کە هەشت ساڵی لە سەدەی بیستەم و بیست و دوو ساڵیشی لە سەدەی نوێ بووە، تەژی بوو لە کارەسات و بارودۆخی سەخت و کێشەی جۆراوجۆر.
دەتوانین بڵێین؛ کۆی ئەم قەیران و بارودۆخە دژوارەی ئێستای وڵاتەکەمان، بەرەنجامی کەڵەکە بوونی ئاریشە و تەنگژەی قۆناغەکانی رابردوون.
مەترسیدارترین کارەساتی زیان بەخش، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بوو، تاکو ئێستاش هەرێمی کوردستان بەدەست لێکەوتەکانی ئەو شەڕەوە دەناڵێنێت.
هەر لە سەرەتاوە بە ئەقڵیەتی ناکۆکیەکانی شاخ؛ پرۆسەی سیاسی و کارگێڕی هەرێم بەڕێوە دەبرا. ململانێ و دەمارگیری حزبایەتی بووە ڤایرۆسێک و تەواوی جەستەی قەوارەکەی گرتەوە.
کایەکان ، بوارەکان، سێکتەرەکان، کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی هەرێم بارگاوی بوون بە رقوکینەی حزبایەتی، سەرەنجام پرۆسەی بەنەتەوە بوون لە فۆرمە رامیارییەکەی؛ شکستی هێناو ئیدی شوناسە لۆکاڵی و وابەستەبوونە خۆجێییەکان شوێنی بە ناسنامەی نەتەوەیی لەق کرد.
گەمارۆ ئابوریەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەجارێک بڕستی لە کۆمەڵگە بڕیبوو، سەدان هەزار هاوڵاتی لەبەردەم مەترسی لەناوچوون؛ رۆژگاری سەختیان دەژمارد.
دوای رووخانی رژێمی بەعسیش، کە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ چارەنووسی پرسی کورد رەخسا، بەداخەوە، بەبێ پلان و تاکتیک و ستراتیژ، جارێکیتر خاکی کوردستانیان بە دەوڵەتی عێراقی عەرەبیەوە گرێدا.
ئەم هەنگاوەی سەرکردایەتی سیاسی کورد، هەڵەیەکی کوشندە بوو، هێشتا هەر باجەکەی دەدەین.
لە ساتەوەختی شەڕی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆرستانی داعش، زەمینەیەکی لەبار بۆ گەیشتنی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی باڵاتر رەخسا، بەڵام دواجار ئەویش کرایە قوربانی ململانێی زیانبەخشی حزبی و جارێکیتر بەرژەوەندی حزب؛ خرایە سەرووی بەرژەوەندییە باڵاکانی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان.
ئێستا هەرێمی کوردستان گیرۆدەی قەیرانی سیاسی و ئابوری بۆتەوە، بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت. قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو ئەگەردایە، رەوتی بەردەوام بوون و هەڵسانەوە و چارەسازیی، یانیش کێرڤی داکشان و پەککەوتن.
ئەگەر ویستێکی پتەوی چاکسازی بنچینەیی هەبێت، بێگومان بەگرتنەبەری پلانی زانستی، دەشێت بازدانێکی جۆرایەتی ئەنجام بدرێت و هەرێم لەنێو گێژەنی قەیرانەکاندا، بە بردنەوەیەکی مسۆگەر رزگاری بێت. پێچەوانەکەشی خۆڕادەستکردنی هەرێمە بە چارەنووسێکی نەخوازراو، کە هۆکارەکەشی بریتیە لە کەڵەکەبوونی دەرهاویشتەکانی سی ساڵ کێشە و قەیرانی بەردەوام.
بۆ گریمانەی پەککەوتن و رووخانی قەوارەکە؛ تەنها یەک هۆکار هەیە؛ ئەویش خۆی لە نەبوونی ویستی بوێرانەی چاکسازیدا دەبینێتەوە، بەڵام بۆ چانسی سەرکەوتن، ئەم هەنگاوانە پێویستن :
یەکەم/
هەرێمی کوردستان ببێتەخاوەنی دەستورێکی هەمیشەیی.
دووەم/
سیستمی دامەزراوەیی لەبەڕێوەبردنی کایەی سیاسەت و ئابوری پیادە بکرێت.
سێیەم/
بەرژەوەندی تایبەتی حزبەکان دوور خرێتەوە لە بەرژەوەندی باڵای قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان.
چوارەم/
هەرێمی کوردستان؛ وەک یەک زۆن و یەک خاک و یەک رووبەر، خاوەنی یەک پایتەخت ، یەک دەستور ، یەک هێزی پێشمەرگە ، یەک دژەتیرۆر ، یەک ئاسایش ، یەک دامەزراوەی هەواڵگری، یەک پۆلیس ، یەک سەرچاوەی بڕیاری هەبێت.
پێنجەم/
کۆی سەرجەم سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم لەژێر دەستی حزبەکان دەربهێندرێت و تەنها حکومەت خاوەنی فەرمی داهاتەکان بێت. سیستمی شەفافیەتی ئابوری و دارایی پەیڕەو بکرێت.
شەشەم/
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانیەکان، لەوادەی دیاریکراوی خۆی بەبێ دواکەوتن ئەنجام بدرێت. کۆمسیۆنێکی بێلایەن و تۆمارێکی پاکی دەنگدەران و چاودێریەکی ووردی پرۆسەکان، مەرجە بۆ شەرعیەتی یاسایی هەڵبژاردنەکان.
حەوتەم/
قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، تەنها یەک گوتاری سیاسی هەبێت.
هەشتەم/
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم لەچوارچێوەی یەک دامەزراوەی فەرمی رێکبخرێت و لە سەرجەم حزبەکانی هەرێم قەدەغە بکرێت؛ بەناوی حزبەوە مامەڵە لەگەڵ کونسولخانە و باڵیۆزخانە و نێردراوەکانی UN و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بکەن.
نۆیەم/
قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەرک و دەسەڵاتەکانی جێبەجێ کردن و یاسادانان و دادوەری لەیەکتر جیابکاتەوەو رایەڵەی نێوانیان ماددە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان بێ.
دەیەم/
ئازادی بیروڕا دەربڕین و کاری حزبی و چالاکیە مەدەنیەکان بە دەستور و یاسا دابین بکرێت.
یانزەیەم/
بەرەنگاربوونەوەی هەموو دیاردە و تاوان و کارەساتە مۆڕاڵیەکان، بکرێتە یاسا و بڕیاری فەرمی و بەکردار هەنگاوی بنبڕکردنیان بدرێت.
دوازدەیەم/
کۆششی بەردەوام بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و لابردنی شوێنەواری گەندەڵیەکان لە سی ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.
ئێستا چارەنووسی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دووڕیانی چانسی چاکسازی و گریمانەی شکستدا، چاوەڕێی بوێری و متمانە و هەنگاوەکانە.
بەگرتنەبەری چاکسازیی بنچینەیی، دەرفەتی بەهێزبوونەوە دەڕەخسێت و فەرامۆشکردنیشی گریمانە مەترسیدارەکە نزیک دەکاتەوە.
نووسەر : نیاز حەسەن
ووشەی خوێندراوە : (628)