توشبووانی ئاوڵەی مەیمون لە جیهاندا 700 کەسی تێپەڕاند

ناوەندی توێژینەوە لە نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، تائێستا لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە 700 کەس توشی نەخۆشی سورێژەی مەیمون بون، لەو ژمارەیەش 21 توشبویان لەناو ئەمریکا تۆمارکراون.

ناوەندی توێژینەوە لە نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا لە دوایین راپۆرتی خۆیدا باسی لەوەشکردوە، تاوەکو رۆژی هەینی 21 توشبوی نەخۆشی سورێژەی مەیمون لە ئەمریکا تۆمارکراون، ئەوەش ترسی زیاتر بڵاوبونەوەی پەتاکەی لەلای دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمریکا دروست کردوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، زۆرینەی ئەوانەی توشی پەتاکە بون، ئەو هاوڵاتییە ئەمریکیانەن کە گەشتی دەرەوەی وڵاتیان کردوە، بەڵام ژمارەیەکی دیکەشیان لەناو وڵاتدا تۆمارکراون و نازانن سەرچاوەی توشبونیان چیە.

پێشتر رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندبو، لەئێستادا سەرژمێری دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت ژمارەی توشبوانی سورێژەی مەیمون لەوڵاتان چەندە و ئەو وڵاتانە کامانەن کە هیچ توشبویەکیان تێدا تۆمارنەکراوە، جەختیش دەکاتەوە پابەندبون بە رێکارە خۆپارێزییەکان گەرەنتی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە دەکات.
سورێژەی مەیمون نەخۆشیەكی دەگمەنی ڤایرۆسی گواستراوەیە و لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و هەروەها لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە، ئەو نەخۆشیە لەشوێنە دورەدەستەكانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا لەنزیك داراستانە كەمەرەییەكان هەیە، سورێژەی مەیمون دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ لەڕێگەی ئاژەڵی كێوی و بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشیە لەڕێگەی مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ كەمە.
دیارترین نیشانەی توشبون بە سورێژەی مەیمون بریتیە لەدەركەوتنی ئاوڵ لەدەموچاو و پاشان گواستنەوەی بۆ بەشەكانی دیكەی جەستە. هەرچەندە لەساڵی 1980وە ئەو نەخۆشیە بنبڕكراوە، بەڵام تائێستا لەچەند بەشێكی كیشوەری ئەفریقا سەریهەڵدەداتەوە.

پەیوەندیدار