بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکی ئاڵتون سیتی لە شاری هەولێر دژی نەبونی ئاو گردبونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایانکرد، کۆمپانیای سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە کێشەی کەمبون و نەبونی ئاویان بۆ چارەسەربکات، بەپێچەوانەوە رێکاری دیکە دەگرنەبەر.
بەشداربوانی گردبونەوەکە کە ئەمڕۆ شەممە لە بەردەم کۆمپانیای سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاڵتون سیتی لە هەولێر بەڕێوەچو، بە رۆژنامەنوسانیان راگەیاند، گرفتی ئەوان ئەوەیە لە سێ رۆژدا تەنها کاتژمێرێک ئاویان پێدەدرێت و کێشەی کەمی و نەبونی ئاویان هەیە.
ئاماژە بەوەش دەکەن، داوایان لە کۆمپانیای سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاڵتون سیتی کردوە لەرێگەی لێدانی بیری نوێوە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە، بۆیە داوا لە پارێزگاری هەولێر دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان بێتەسەر خەت.
ئەو هاوڵاتیان باس لەوە دەکەن، جگە لە پارەی ئاوی نیشتیمانی، هەمو ماڵێکی ناو پڕۆژەکە مانگانە 10 هەزار دیناریش پارەی ئاو دەدات بە کۆمپانیای سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەڕەکی ئاڵتون سیتی، سەرەڕای ئەوەش ماوەی سێ ساڵ کێشە ئاویان هەیە.