نەخۆشی مەیمون لە بەریتانیا 300 حاڵەتی تێپەڕاند

بەرپرسێکی تەندروستی بریتانیا رایدەگەیەنێت تەنها لە رۆژی دوشەممەدا 73 حاڵەتی نوێی توشبون بە نەخۆشی مەیمون لە وڵاتەکە راگەیەندراوە و بەمەش کۆی ژمارەی توشبوان گەیشتوەتە 300 حاڵەت کە زۆرینەیان هاوڕەگەزباز و دو رەگەزەکانن.

سایتی سکای نیوزی عەرەبی لەسەر زاری بەرپرسانی تەندروستی بریتانیا بڵاویکردوەتەوە، ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی مەیمون لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە کە بەزۆرترین بڵاوبونەوەی لەدەرەوەی ئەفریقا هەژماردەکرێت و زۆرینەی توشبوانیش لە دو رەگەز و هاورەگەزبازەکانن، بەشێوەیەک هەر کەسێک هاورەگەزباز بێت ئەگەری توشبون بە نەخۆشییەکەی هەیە بە شێوەیەک بەریەککەوتنی لەگەڵ کەسی توشبودا هەبێت.

رونیشیکردوەتەوە، تەنها لە رۆژی دوشەممەدا 73 حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە و بەمەش ژمارەی توشبوان بۆ 300 کەس بەرزبوەتەوە.

لەمبارەیەشەوە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکردوە،” تائێستا زیاتر لە 20 دەوڵەت نەخۆشییەکەیان تێدا بڵاوبوەتەوە کە پێشتر هیچ حاڵەتێکیان نەبوە بەشێوەیەک تا رۆژی یەکشەممە کۆی ژمارەی توشبوان گەیشتوەتە 780حاڵەت کە 200%یان لە کۆتاییەکانی مانگی رابردودا بون، بەڵام هیچ حاڵەتێکی مردن بە نەخۆشییەکە تۆمارنەکراوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی بنکەکانی ئەفریقا بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشییەکان و خۆپارێزی، تەنها لەئەمساڵدا 1400 حاڵەتی توشبون بە نەخۆشییەکە لەهەرچوار وڵاتی( کامیرۆن، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، کۆنگۆ، نێجیریا) تۆمارکراوە کە 63 لەوانەش مردون.
پێشتریش یەکێک لە راوێژکارەکانی تەندروستی جیهانی پێشبینی کردبو نەخۆشییەکە لەناو ئەوروپا و دەرەوەی بڵاوبێتەوە لەرێگەی سێکسەوە بەتایبەت لە هەردو وڵاتی ئیسپانیا و بەلجیکا.

پەیوەندیدار