جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، خهڵكی كوردستان و ئهو كۆمپانیایانهی لێره كاردهكهن ئیرادهیان زۆر بههێزتره لهوهی به دوو یان سێ موشەک ورهیان بڕوخێت.
رۆژی شەممە 25-6-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە پێشانگەیەکی هەلی کار لە سلێمانی لە لێدوانێكلی رۆژنامەوانیدا گوتی: “نازانین بەئامانجکردنی کێڵگەی کۆرمۆر چ پەیامێکی لەپشتە، بەڵام هێرشەکە زیانی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە و چاوەڕێین بزانین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەرەوکوێمان دەبەن”.
ئێوارەی رۆژی هەینی 24-6-2022 بۆ دووەم جار لە یەک هەفتەدا بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قادرکەرەم و بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، دوو رۆژ پێشتریش لە هەمان ئاراستەوە ئەو کێڵگەیە بە کاتیۆشا کرایە ئامانج.
دوابەدوای رووداوەکە لیژنەیەکی ئەمنی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهات. قوباد تاڵەبانی لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە گوتی: “تائێستا لێکۆڵینەوەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و بەردەوامن”.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ئەو هێرشە رەنگە زیانی مەعنەوی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت و دڵەڕاوکێیەکی دروستکردبێت، بەڵام خەڵکی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ورەیان زۆر بەهێزترە لەوەی کە بە دوو تاوەکو سێ مووشەک بڕووخێت”.
کۆرمۆر، یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی گازی تێدا دەکەن و یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان بەتایبەت نەوت و گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
ووشەی خوێندراوە ( 271) – zozk