بانکی ناوەندی: یەدەگی زێڕ گەیشتووەتە زیاتر لە 130 تۆن

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، عێراق لە پلەی چوارەمی ئەو وڵاتە عەرەبییانەدایە کە زۆرترین یەدەگی زێڕیان هەیە. دەشڵێت، “یەدەگی زێڕ گەیشتووەتە زیاتر لە 130 تۆن”.

رۆژی دووشەممە، بانکی ناوەندی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، عێراق 10 پلە لە لیستی ئەو وڵاتانەی یەدەگی زێڕیان هەیە هاتووەتە پێشەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا یەدەگی زێری عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 130 تۆن و بەمەش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی چوارەمدایە و لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی 30یەمدایە.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی بانکی ناوەندی عێراق، عێراق بڕی 34 تەن زێڕی کڕیوە و بەوەش بە رێژەی 35٪ یەدەگی زیادی کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، زیادبوونی یەدەگی زێڕ لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی بانکی ناوەندیدایە بۆ بەڕێوەبردنی سامانی وڵات بە مەبەستی بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی سەقامگیری و توانای رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

لە راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە، زێڕ یەکێکە لە گرنگترین سامانەکانی بانکە ناوەندییەکان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان، پەناگەیەکی پارێزراوە لە بارودۆخی نادڵنیاییدا، بەهۆی قبوڵکردنی نێودەوڵەتییەوە.

ووشەی خوێندراوە ( 146) – zozk

پەیوەندیدار