رەوتی سەدر 10 هۆکاری کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی ئاشکراکرد و رایگەیاند، هۆکاری کشانەوەیان بریتی بوە لە رەتکردنەوەی کاندیدکردنی کوڕی مەرجەعی زۆرینەی سیاسەتمەدارانی شیعە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران و “ناپاک” بونی ژمارەیەک لایەنی دیکە کە چونەتە پاڵ ئەوانی دیکە، جەختیش دەکاتەوە کە کشانەوەیان رادەستکردنی عێراق نیە بە “گەندەڵکاران و ئەوانەی سازانخوازن”، بەڵکو گەڕانەوەیانە بۆ ویست بڕیاری گەل.
ساڵح محەمەد عێراقی، کەسایەتی نزیک لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، بەشێک لە هۆکاری کشانەوەیان لە پەرلەمانی عێراق و پرۆسەی سیاسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، سیاسەتمەدارانی شیعە کە زۆرینەیان لایەنگری بنەماڵەی سەدر بون، بەڵام کاتێک کوڕی مەرجەع و شەهیدی بنەماڵەکەیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کرد، سیاسەتمەدارانی شیعە رەتیانکردەوە، ئەوە جگە لەوەی بەشێک دیکە لە سیاسەتمەداران کە گومانی باشیان بەرامبەریان هەبو، “ناپاکییان کرد و پشتیوانی لایەنێکی دیکەیان کرد”.
باسی لەوەشکردوە، بڕیاری کشانەوەیان رادەستکردنی عێراق نیە بە “گەندەڵکاران و ئەوانەی سازانخوازن”، بەڵکو گەڕانەوەیانە بۆ ویست بڕیاری گەل و لەداهاتوشدا ئەو بابەتە رونتر دەردەکەوێت، بۆیە لە نەیارەکانی دەپرسێت “ئێمە یاسای قەدەغەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیمان تێپەڕاند، بزانین ئێوە دوای زیاتربونی فشارەکانی رۆژئاوا، دەتوانن یاسای نوێ و ورد دەربکەن”.
ساڵح محەمەد عێراقی دەڵێت، سەدر بە کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی “نەیارەکانی گۆشەگیر دەکات، ئەوان کە دژی ساختەکاری هەڵبژاردنەکان مانیان گرت، ئایا ئێستا حکومەتێک دروست دەکەن کە باوەڕیان وایە بەرئەنجامی ساختەکاری بوە، ئایا ئەو حکومەتە رەوایەتی دەبێت؟.. ئایا ئیتر ئەنبار و هەولێر بە موشەک دەکرێنە ئامانج؟”.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەگەر رەوتەکەیان بەردەوام بوایە لەسەر داوای پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، ململانێی سیاسیی ماوەیەکی دورودرێژ بەردەوام دەبو بەبێ ئەوەی بگاتە ئەنجام، “بۆیە ئێمە بڕیاری کشانەوەماندا، ئێستاش کە کشاوینەتەوە کەسانی شیعە جێگەی پەرلەمانتارەکانی ئێمەیان گرتەوە، ئایا بەم هەنگاوە شیعە بەهێز بوە یان بوەتە سەرەتایەک بۆ تاڵانکردنی داهاتی گشتی و رێککەوتنی گوماناوی؟.. بۆیە ئێمە گەڕاینەوە بۆ سەر رێگەی راست و دەستبەرداری جیهانی ململانێ بوین”.
ووشەی خوێندراوە (283) – zozk