بەپێی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، ملیۆنان هاووڵاتیی سووری چاوەڕوانی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاوکارییەکان بەرەو کۆتایی دەڕوات. هاوکات، چاوەڕوان دەکرێت رووسیا هەستێت بە بەکارهێنانی ڤیتۆ لە دژی پرۆژەیاسایەک، کە رێگە بە هاوکارییە نێو سنوورییەکان دەدات بچنە ئەو وڵاتانەی کە بەدەست جەنگەوە دەناڵێنن.
ئەمەش، لەپاش بەسەرچوونی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە پەڕینەوەی لە سنووری سووریا بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری، کە رەنگە ژیانی 5 ملیۆن کەس بخاتە مەترسییەوە. بەتایبەتیش، لە ئێستادا 1.5 ملیۆن کەس لە کەمپەکاندا دەژین و %43ی ئەوانەی لەو کەمپانەدان بەدەست کەمی ئاوەوە و %79 بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن.
لەو بارەیەشەوە، ژمارەیەک رێکخراوی ناحکوومی سووری هۆشدارییان داوە سەبارەت بە بەکارهێنانی ڤیتۆ لە لایەن رووسیاوە لە ئەنجومەنی ئاسایش، سەبارەت بە پرۆژەیاسایەک کە رێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات یارمەتی مرۆیی بگەیەنێتە سووریا، بەتایبەتیش باکووری رۆژئاوای، کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی سووری بەهۆی شەڕی ناوخۆوە ئاوارە بوون و لە کەمپدا دەژین.
bestun latef