سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 18-07-2022، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە، یەکێک لەو مژارانەی تاوتوێ دەکرێت کۆبوونەوەی پەرلەمانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. لەگەڵ ئەوەی ناکۆکی تووند لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، ئەم هەفتەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوی بەربژێری سەرۆکوەزیران رادەگەیێنێت.

رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە رایگەیاند، “میکانیزمی راستەقینە بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دیاریکراوە، دیاریکردنی ئەو کەسە لە ئان و سات دایە، پێموایە ئەم هەفتەیە ئەم رووداوە گرنگە روودەدات و ناوی ئەو کەسە رادەگەیێندرێت.”

لە هێڵی یەکەمی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، ناوی هەریەک لە: نووری مالیکی، هادی عامری و حەیدەر عەبادی دێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران هەرچەند چانسیان لاوازە، بەڵام چانسی بەربژێرانی هێڵی دووەم بەهێزترە کە ژمارەیەک ناو دەهێنرێن لەوانە: محەممەد شیاع سودانی، تارق نەجم، عەلی شوکری، قاسم ئەعرەجی، محەممەد سالم غەبان، ئەسعەد عیدانی.

بەپێی دەستووری عێراق، دەبێت سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

پۆستی سەرۆککۆماریش بەرکەوتەی کوردە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەو پۆستە رێکنەکەوتوون. تاوەکو سەرۆککۆماریش یەکلایی نەبێتەوە، ناتوانرێت هەنگاوی دووەم بۆ راسپاردنی بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت بنێرێت.

ئەمانە لەکاتێکدان، ژمارەیەک تۆماری دەنگی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاوبوونەتەوە کە تێیدا هێرشی تووند دەکاتە سەر موقتەدا سەدر، ئەمەش هێندەی دیکە دۆخی سیاسی عێراقی ئاڵۆزکردووە و لە قسەکانیدا مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی ئاشکرا دەکات.

ووشەی خوێندراوە (209) – zozk

پەیوەندیدار