وەزارەتی تەندروستیی عێراق: 125 کەس بریندار بوون

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیێنێت، دامەزراوە تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان تاوەکو ئێستا 125 برینداری خۆپێشاندانەکانیان پێگەیشتووە کە 25یان لە هێزە ئەمنییەکانن و شەش کەسیش برینەکانیان سەختە.

لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە بەغدا لە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر هەوڵەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامن و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 30-07-2022 جارێکی دیکە چوونەوە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.

خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغدا گرژیی تێکەوت و چەند کەسێک بریندار بوون.

لەبارەی رەوش و ژمارەی بریندارەکانەوە، ئەمڕۆ شەممە 30-07-2022، وەزارەتی تەندروستیی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا دامەزراوە تەندروستییەکانیان پێشوازییان لە 125 برینداری خۆپێشاندانەکە کردووە کە برینی هەشت کەسیان سەختە و گواستراونەتەوە بۆ چاودێریی چڕ.

تیمێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە نزیک خۆپێشاندانەکە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، 25 برینداری خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەرامە کە زۆرینەیان برینەکانیان سووک و مامناوەندە. هەروەها 27 برینداریش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی یەرمووک کە شەش کەسیان برینەکانیان سەختە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 25 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و 100 کەسیش لە خۆپێشاندەران بریندارن، هەروەها شەش برینداری خۆپێشاندانەکە کە برینەکانیان سەختە، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شێخ زاید.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق تەواوی دامەزراوەکان و کارمەندانی خستووەتە ئامادەباشییەوە و دەڵێت، هەموو رێکارێکی تەندروستیی پێویست بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی خۆپێشاندانەکە دەگرنەبەر.

A- zozk

پەیوەندیدار