بڕیارە رۆژی سێشەممە 9ی ئابی 2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هەڕەشەکانی داعش کۆببێتەوە.
بەگوێرەی ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، کۆبوونەوەی رۆژی 9ی ئاب بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتی نیوەساڵی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هەڕەشەکانی داعش تەرخانکراوە. بڕیارە هەریەکە لە وی شەنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی دژەتیرۆر و ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، بریکاری سکرتێری گشتیی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ناوەڕۆکی راپۆرتەکە بۆ 15 ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باس بکەن.
ئەنجوومەنی ئاسایش لە کۆتایی مانگی رابردوودا رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەبڕیاری 2253ی ساڵی 2015، ئەنجوومەنەکە پابەندیی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەی داعش دەردەبڕێت کە لەبەردەم ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەوەستێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش 15یەمین راپۆرتی سکرتێری گشتی لەوبارەیەوە دەخرێتەڕوو.
گرنگترین ئەو خاڵانەی لە راپۆرتەکەدا باس دەکرێن بریتین لە، بەگوێرەی “ئەندامێکی” ئەنجوومەنی ئاسایش، لەو خەڵکەی لە 11 کەمپ و نزیکەی 20 بەندیخانەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە، 30 هەزار منداڵ هەن کە تەمەنیان لەژێر 12 ساڵیدایە و مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە لەلایەن داعشەوە “مێشکیان بشۆردرێتەوە.”
بەگوێرەی ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، 10 هەزار چەکداری بیانی لە بەندیخانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە دەمێننەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە ماوەی ساڵی 2021دا داعش پەرەی بە بەکارهێنانی درۆن داوە و داعش بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لەوەش کردووە، داعش کۆمپانیای سێبەر بەکاردەهێنێت بۆئەوەی درۆنی دژە رادار لە وڵاتانی ئاسیا، کەنەدا و ئەمریکا بکڕێت.