وەزارەتی شەھیدانی ھەرێم: کار بۆ ھێنانەوەی رووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو دەکەین

وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کار بۆ ھێنانەوەی رووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو دەکەن و ھەموو ئامادەکاریەکیشیان بۆ ئەو مەبەستە کردووە، بەڵام بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پڕۆسەکەی دواخست.

وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی ٢٠١٩ لەکاتی دۆزینەوەی ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ لەبیابانی سەماوە، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەتی شەھیدان، بەھەماھەنگی دەزگای شەھیدانی عێراق تیمەکانیان ناردە شوێنی گۆڕەکان و بەشداربوون لە ھەڵدادانەوەی گۆڕەکان و گواستنەوەی رووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو بۆ پزیشکی دادی بەغداد، بەمەبەستی ئەنجامدانی شیکاری و ھێنانەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە ئەو کارە دواکەوت.

وەزارەتی شەھیدان راشیگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، جەختیانکردەوە لە پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو رووفاتانە، کە ژمارەیان ١٧١ رووفاتە و ھەموو ئامادەکاریەکیش بۆ ئەم مەبەستە کراوە و ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبێت بۆ ھێنانەوەی ئەو رووفاتانە.

پەیوەندیدار