بازاڕی سەرەکی فەرشی دەستچنی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتانی دیکە بەهۆی گەمارۆکانەوە، رێژەی هەناردەکردنی زۆر کەم بووەتەوە. سەرۆکی سەندیکای بەرهەمهێنەر و هەناردەکارانی فەرشی ئێران دەڵێت، پێشتر ساڵ هەبووە بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار فەرشیان هەناردە کردووە، بەڵام ساڵی 2021 کۆی داهاتی هەناردەی فەرشی ئەو وڵاتە، 60 ملیۆن دۆلار بووە.
فەرشی دەستچن خۆڕاگرترە لە فەرشی دیکە و باشتر دەمێنێت. فەرشی دیکە دوای چەند ساڵ و بە چەندجار شووشتن، تەنک دەبێت و جوانییەکەی لەدەستدەدات. پێشتر لە ماڵانیشدا فەرشی دەستچن یان کوردی رادەخرا، بەڵام ئێستا ئەوە زۆر کەم بووەتەوە. تەنیا لە هەندێک ماڵ و ئەویش زیاتر بۆ جوانی بەکاردەهێندرێت.
چنینی فەرشێک بەپێی گەورەیی و بچووکی فەرشەکە و شارەزایی و ژمارەی تەونکاران کات دەبات، بەڵام بە شێوەی مامناوەندی دوو بۆ سێ مانگ کاتی پێویستە بەردەوام کاری لەسەر بکرێت و نزیکەی 80%ی بەهای فەرشەکە دەبێتە دەستحەقی چنینی.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی و بازرگانیی پارێزگای سنە، لە ساڵی 2021دا لەو پارێزگایە 90 هەزار تەونکار هەبوون، بەڵام بەپێی ئاماری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ئەمساڵ ژمارەیان بووەتە 50 هەزار کەس. بە شێوەی مامناوەندی هەر تەونکارێک، ساڵانە دوو مەتر دووجا فەرش دەچنێت.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوچەکانی هەوشار و گڕووس و لەیلاخ بە چنینی فەرش بەنێوبانگن و بەرهەمەکانیان ناوبانگی جیهانیی هەیە. باشی و جوانیی فەرشەکان پەیوەندیی بە جۆری بەن و شارەزایی تەونکارەکەوە هەیە و ئەزموون رۆڵی گرنگی تێدا دەبینێت.