پۆلیسی هەڵەبجە ئەو ژن و پیاوەیان دەستگیركرد كە منداڵێكیان لە ئەحمەدئاوا جێهشتبوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند کە منداڵێکیان لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و زەڵم جێهشتبوو، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئاشکرای دەکات، ژنەکە هاوژینەکەی خۆی کە نیشتەجێی شاری فەللوجەن جێهێشتووە و لەگەڵ دۆستەکەی چوونەتە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا هەرێمی کوردستان.

رۆژی پێنجشەممە 18-08-2022، موقەدەم بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “دوای ئەوەی رۆژی 16-08-2022 هاووڵاتییەکی تەمەن 30 ساڵ کە پارێزەرە هەواڵ دەداتە دادگەی فەللوجە کە هاوژینەکەی دیار نەماوە لەگەڵ منداڵەکەی رۆشتوون بۆ شوێنێکی نادیار، دواتر لە ناحیەی خورماڵ لە سەیرانگەی ئەحمەدئاوا و زەڵم هەواڵی دۆزینەوەی منداڵێک بڵاودەبێتەوە”.

پاش دۆزینەوەی منداڵەکە، بەرزان عوسمان دەڵێت: “رادەستی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناحیەی خورماڵ کرا و لە بنکەی پۆلیسی خورماڵ دۆسیەی بۆ کرایەوە، بە هاوکاری هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور و پۆلیسی خورماڵ توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکرێن کە منداڵەکەیان لەو شوێنە بەجێهێشتووە لەگەڵ منداڵەکەش پێناسی باری شارستانیی کارتی نیشتمانی و نامەیەک کە ناونیشانەکەی و شوێنی نیشتەجێبوونی باوکی منداڵەکە جێهێڵدراوە بۆ ئەوەی رادەستی باوکی بکرێتەوە”.

بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە یەکێک لە تۆمەتبارەکان “دایکی منداڵەکە بووە، لەگەڵ کەسێک کە دۆستی بووە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. لە دانپێدانانەکانیش دایکی منداڵەکە گوتی بێتاقەت بووە و حەزی لێبووە لە ماڵەوە بچێتە دەرەوە بەهۆی ئەوەی کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەی هەبووە”.

پەیوەندیدار